کومباری تورکی خراپی بەسەر فەرشی ئێرانی هێناوە
میدیازان – هێڤی خالید – سلێمانی
بەهۆی هاتنی سەرماوە دوکانەکانی فەرشفرۆشی جمەیان دێت، ئەوەی ئەمساڵ جیاوازە ئەوەیە، کومباری تورکیی بازاڕی بە فەرشی ئێرانی چۆڵ کردووە و ئەمساڵی کردووە بە ساڵی خۆی.
” کومباری تورکیی بازاڕی بە فەرشی ئێرانی چۆڵ کردووە و ئەمساڵی کردووە بە ساڵی خۆی”
“ئەو بارودۆخە نوێیەی ئێران لەخۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان و گرانیی نرخی گواستنەوە وای کردووە ئەمساڵ کەمتر فەرشی ئێرانی هاوردە بکرێت، ساڵی پار ٢٨ تڕێلە فەرشی ئێرانیم هێناوە بە بەهای ٣٤٠ هەزار دۆلار، کە هەر ترێلەی دە تەنە، بەڵام ئەمساڵ شەش ترێلەمان هاوردە کردووە”، ئەمە وتەی هەڵگورد جەمال، یەکێک لە فرۆشیارانی فەرشە لە شاری سلێمانی، کە بۆ میدیازان قسەی کرد.
نرخی کومباری تورکی لە بازاڕەکانی هەرێم لە سێ هەزار و ٧٥٠ دینارەوە دەست پێ دەکات و تا ١٣ هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
هەڵگورد جەمال وتیشی: “لە ئێستادا کومباری تورکی زیاتر خواستی لەسەرە، چونکە نرخەکەی نیوەی ئێرانییەکەیە و هاووڵاتییانی هەرێمیش بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن ئەو بڕە زۆرە بە فەرشی ئێرانی بدەن.
فەرشە ئێرانییەکان ساڵانی پێشوو تیایاندا بوو بۆ هەر فەرشێکی سێ بەچواری کەم کوالێتی نرخەکەی لە حەفتا دۆلارەوە دەستی پێدەکرد، بەڵام ئەمساڵ کەمترینی لە ١٧٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات و دەگاتە ٤٤٠ دۆلار.