واژۆکانتان ئیشی خۆی کرد
ماڵەکانی لای نەخۆشخانەی شۆرش دوکەڵەکەیان نامێنێ
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای سووتانی پاشەڕۆکانی نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی داخرا، کە ماڵ و یەکە نیشتەجێبووەکانی نزیک لە نەخۆشخانەکەی بە دوکەڵ نیگەران کردبوو، داوایان دەکرد چارەسەر بکرێ.
دەزگای تەندروستی پێشمەرگە کە سەرپەرشتی کارەکانی نەخۆشخانەی شۆرش دەکات، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، ئیتر سەرجەم کەلوپەلە پزیشکییەکان، پاشەڕۆ و گۆشتی نەشتەرگەری دەباتە دەرەوەی شار و بە رێگایەکی زانستی لەناوببرێن، یان دووبارە بەکاربهێنرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.8.2024، هاوژین عوسمان، جێگری سەرۆکی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە 964ی وت، “خاوەن ماڵ و کەسانی نیشتەجێی دەوروبەری نەخۆشخانەی شۆڕش، واژۆیان کۆکردبوویەوە و سەردانیان کردین کە چارەسەری بکەین، کۆمپانیایەکیش پاش بڕیارەکەی ئێمە بەڵێنی داوە، ناوەندی ژمارەیەک شەقام سەوز پۆش بکات”.
نەخۆشخانەی دوو حاویەی گەورەی هەیە، رۆژانە دووجار خاوێن دەکرێتەوە و بەتاڵ دەکرێت، جێگری سەرۆکی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە وتی، “رۆژ نا رۆژێک، پاشەڕۆکی پزیشکی دەسوتێنین، ئەو دەزگایەی کە پێشتر پاشەڕۆکانی تێدا دەسوتێندرا کۆن بوو، وە قەبارەی بچووک بوو، ئەو بڕیارەی دراوە خزمەتێک بوو بە ماڵ و نەخۆشخانە و دەزگاکانی دیکەی نزیک نەخۆشخانەکە”.
دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، سەر بە یەکەی 70ی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، خاوەنی نزیکەی 12 سەنتەر و نەخۆشخانەیە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کاری سەرەکی پێشکەشکردنی چارەسەری تەندروستییە بۆ پێشمەرگە و کەسوکاریان، بە پلەی دووەم هاوڵاتیان.
بە گوێرەی داتای دەزگای تەندروستی پێشمەرگە کە دەست 964 کەوتووە، تەنیا لە ماوەی ساڵانی 2019 بۆ 2023، ساڵانە لە نەخۆشخانەکانی ئەو دەزگایە 900 هەزار کەس بۆ یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس، چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە بە کەیسە دووبارەکانەوە.