هاوشێوەى وانەبێژان
مامۆستایانى خۆبەخشی ئایینى داواى دامەزراندن دەکەن
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى وانەبێژانى پەروەردە بڕیارى دامەزراندنیان بە شێوەى گرێبەست بۆ دەرچوو، خۆبەخشانى وەزارەتى ئەوقافیش دەستیان کردووە بە جوڵە و داوا دەکەن دابمەزرێندرێن.
رەشید حەمەجەزا، مامۆستایەکى خۆبەخشى ئاینییە لە یەکێک لە مزگەوتەکانى شارى سلێمانى، بە 964ـى وت،” هەموو ژیانمان تەرخانکردووە بۆ مزگەوت و خزمەتکردنى نوێژخوێنان، بەڵام حکومەت هیچ موچەیەکمان پێنادات، بۆیە ئێمەش بە هیواین هاوشێوەى وانەبێژان بە شێوەى گرێبەست بێت یان بە هەر شێوەیەک بێت دامەزراندنمان بۆ بکەن”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، بە هەموو کوردستان ژمارەیان نزیکەى یەک هەزار و 500 خۆبەخش دەبێت، ئەگەر بڕیارى دامەزراندنیشیان بۆ دەربچێت بارگرانییەکى گەورە لەسەر حکومەت دروست نابێت.
“بەشێکى زۆرى مزگەوتەکان خۆبەخشان بەڕێوەى دەبەن و لەلایەن ئەوقافەوە راسپێردراوین، بەڵام هیچ موچەیەکمان نییە و خۆبەخشان بە خێر و سەدەقە و زەکات و کرێکارى دەژین، ئەگەر حکومەت موچەیەکمان بۆ ببڕێتەوە بەشێکى زۆرى گرفتەکانمان چارەسەر دەبێت”.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 چەند جارێک پەیوەندى بە نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقافەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.
لاى خۆیەوە، عەباس خدر بەڕێوەبەرى ئەوقافى سلێمانى بە 964ـى وت،”چۆن وانەبێژان دامەزراون، ئاواش بەهیواین خۆبەخشانى ئەوقاف کە لە ئیمام و ئیمام و خەتیب و کارگوزاران پێکدێن، دابمەزرێندرێن”.
وەک باسى دەکات، زیاتر لە 100 خۆبەخش لە ئەوقافى سلێمانى فەرمانى وزاریان هەیە و خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام بە گشتى دەگەن بە 300 خۆبەخش و پێویستە ئەوانیش خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەى هەر بڕیارێک درا ئەوانیش بگرێتەوە.
ئاشکراشى کرد، داوایان کردووە ئەو خۆبەخشانە دابمەزرێندرێن، بەڵام وەک ئەوەى خستیەڕوو، ئەو بابەتە پێویستى بە رەزامەندى وەزارەتى دارایى و فەرمانى ئەنجومەنى وەزیرانە.