غازفرۆشێک لە سلێمانی بۆتڵی نیوەی بە نرخی پڕ فرۆشتووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

غازفرۆشێک لە سلێمانی دەستەکەی کەشف بوو، لیژنەکانی قایمقامیەت زانیویانە بڕێکی کەم غازی کردووەتە بتڵەکانییەوە و بە نرخی پڕ بە هاوڵاتیانی فرۆشتووە.

قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ لە فەیسبوکی خۆیان رایگەیاند، دەستگیرا بەسەر 20 بتڵی غاز کە بڕێکی کەم غازیان تێدا بووە و خاوەنەکەی بەنیاز بووە بە نرخی پڕ بیانفرۆشێت.

“بتڵەکان لە غازفرۆشی مەحمود، لە راپەڕین لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە ” رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وای وت.

لیژنەکانی قایمقامیەت بتڵەکانیان کێشاوە و دەرکەوتووە هەر بتڵێک کێشی 20 کیلۆیە، لەکاتێکدا کێشی هەر بتڵێک بە بەتاڵی 16 کیلۆیە و بە پڕی 28 کیلۆیە

بە وتەی رێکان جەمال، خاوەنی فرۆشگای غازەکە لە بری 12 کیلۆ چوار کیلۆ غازی کردووەتە بتڵەکانەوە و بە مەرجی ئەوەی پڕن بە هاوڵاتیانی فرۆشتووە، بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

“ئەمە یەکەم حاڵەتی لەوجۆرەیە لە سلێمانی بینرابێت، هەر هاوڵاتییەکیش ئەو حاڵەتانەی بینی یان هەستیکرد کێشی بتڵەکان کەمترە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانەوە بکات و بەدواداچونی بۆ دەکرێت” رێکان جەمال وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد ئەمە یەکەم حاڵەتی لەوجۆرەیە لە سلێمانی بینرابێت، هەر هاوڵاتییەکیش ئەو حاڵەتانەی بینی یان هەستیکرد کێشی بتڵەکان کەمترە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانەوە بکات و بەدواداچونی بۆدەکرێت.