نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان باسی ناردنی غاز دەکەن بۆ ئەوروپا

964+

هێمن بەکر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، باسیان لە هەناردەکردنی غازی سروشتی کردووە بۆ ئەوروپا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا قسەکراوە لەسەر “پڕدکردنەوە ئەو بۆشاییەی کە جیهان و بە تایبەت ئەوروپا تێی کەوتوون له‌ بوارى وزه‌ و غازى سروشتی”.

ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دوای یەک رۆژ لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشتر داویەتی بۆ ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا، دۆخى ‏سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى دواى ده‌ستبه‌كاربوونى كابينه‌ى ‏نوێى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ کراون.

لە وێنە بڵاوکراوەکانی کۆبوونەوەکە، ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان نابیندرێت، کە ئەوە یەکەمجار نییە رووبدات لە کاتی سەردانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.