لە گوندی بانیخێڵان

بخوریان لەسەر گۆڕێک جێھێشت و قەبرستانەکە ئاگری گرت

میلاد جەلال_گەرمیان

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، گۆڕستانی گوندی بانیخێڵان لە قەزای دەربەندیخان ئاگری گرت و هۆکارەکەی داگیرساندنی بخورێک بووە، لالایەن ھاوڵاتیان و تیمەکانی بەرگری شارستانی دەربەندیخان ئاگرەکەی کۆنترۆڵکرا.

کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی دەربەندیخان بە 964ـی وت،”ئێوارە نزیک کاتژمێر 6 ئاگادارکراینەوە کە گۆڕستانی گوندی بانیخێڵان ئاگری گرتووە، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و لەگەڵ ھاوڵاتیانی گوندەکە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد”.

“دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت، چەند ھاوڵاتیەک رۆشتبوونە سەر گۆڕی کەسێکیان بخوریان داگیرساندبوو، دواتر بەجێیان ھێشتبوو، بووە ھۆی کەوتنەوەی ئاگر لە گۆڕستناکە”، کەیوان ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پوش و پاوان و دارەکانی بەشێک لە گۆڕستانەکە سووتاوە، بەڵام بەزویی ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی