زیادەڕۆیی بوو

بناغەی باڵەخانەیەک لە کەرکوک رووخێنرا

964+
كاروان ساڵحی- كەركوك

دوای دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکوک، هەڵمەتەكانی نەهێشتنی زیادەڕۆیی لە شارەكە چڕ كراوەنەتەوە و بناغەی باڵاخانەیەك لە گەڕەكی سۆنەگۆڵی روخێنرا.
ئەمڕۆ شەممە 24.8.2024 لیژنەی نەهێشتنی زیادەڕۆیی هەڵمەتیان لە چەند گەڕەكێك ئەنجام دا، یەکێک لە کارەکانیان رووخاندنی بناغەی باڵاخانەیەكی 400 مەتری بوو.
بە وتەی بەرپرسانی شارەوانیی کەرکوک، زەوییەکە موڵكی ئیدارەی کەرکوکە و دراوە بە وەبەرهێنان، بەڵام لەلایەن هەندێک کەسەوە داگیر کراوە.
سەلمان ئەحمەد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی كەركوك لە لیژنەی زیادەڕۆییەكان بە 964 ـی وت، “ئەوە زەوی فەرمانگە حكومییەكانە، كەسانێك هەستاون بە دابەشكردنی و فرۆشتنی بە هاوڵاتیان، واباشترە حكومەت بیدات بە وەبەرهێنان و بكرێتە پڕۆژە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سوودی لێ ببینن، نەك تەنیا بۆ چەند كەسێك بێت”.
“ئەو هەڵمەتە چەند رۆژێكە دەستی پێكردووە و جیاوازی لە نێوان گەڕەك و پێكهاتەكان ناكرێت، گەڕەكەكانی سۆنەگۆڵی و سیادە و 55 و عروبە و شەقامی پەنجا عەلی دەگرێتەوە،” سەلمان ئەحمەد وای وت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری