بڕیار درا

شەمعە نایاساییەکانی ئاو لە سلێمانی دادەخرێن

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

قایمقامی سلێمانی بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم ئەو شەمعانەی دڵنیا نین لە پاکیی سەرچاوەی ئاوەکانیان و پشکنین بۆ ئاوەکانیان دەکرێت

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە 964 وت، لیژنەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و خۆپاراستن راسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان.

باسی لەوەش کرد، لە دوێنێوە دەستکراوە بە داخستنی سەرجەم ئەو شەمعانەی لە سەرچاوەی ئاوەکانیان دڵنیا نین، دوای پشکنین دەرکەوتووە سەرچاوەی ئاوەکانیان پیسە و بۆ خواردنەوە ناشێن و دادەخرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو سەوزانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن، رێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، لە چێشتخانە و کافێیەكاندا چاودێرییەکان زیاتر دەکرێن.

لەبارەی قەدەغەکردنی سەوزە لە چێشتخانەکان، ئاوات محەمەد وتی: “ئەمە دەکەوێتە سەر وەزارەتی تەندروستی بڕیاری لەبارەوە بدەن، هەر بریارێک دەربچێت لەلایەن لیژنەکانمانەوە جێبەجێ دەکرێت”.

ئەم لێدوانەی قایمقامی سلێمانی لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ بریكاری وەزارەتی تەندروستیی كوردستان، تۆماركردنی هەشت حاڵەتی نەخۆشیی كۆلێرای لە سلێمانی بۆ 964 پشتڕاست كردەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

هەشت حاڵەتى کۆلێرا لە سلێمانى تۆمار کران

هەشت حاڵەتى کۆلێرا لە سلێمانى تۆمار کران