ناسنامەیان ئاشکرابوو
بەرگری شارستانی دەربەندیخان بۆ 964: دوو تەرمەکەمان دەرهێنا
964+
میلاد جەلال
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان بە 964ی وت، “دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر، تەرمی دوو کەسەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکە دەرھێنران، سەرقاڵی کردنەوەی رێگای تونێلەکەن”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لەناو تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕا و کەوت بەسەر ئۆتۆمێلێکدا، دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە تانکەرەکە کەوتبوو بەسەریاندا و نەتوانرابوو تەرمەکانیان دەربهێنرێت.
کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی دەربەندیخان بە 964ى وت،”ئێستا تەرمی دوو کەسەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکە دەرھێنران، سەرقاڵی کردنەوەی رێگای تونێلەکەن”.
بەپێی زانیارییەکانی بەرگری شارستانی شارەکە، “ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە پێنج سەرنشینی تێدابووە، خەڵکی وڵاتی ئێرانن”.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە، کە چواریان یەک خێزان بوون، لەگەڵ شۆفێرەکەی”.
“نزیک کاتژمێر 2:00ی بەرەبەیان، سێ لە سەرنشینەکان دەرھێنران لەنێو ئۆتۆمبێلەکە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و کچێکی 14 ساڵان گیانیان لەدەستداوە”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”رێگای تونێلەکە داخراوە، شۆفێران دەتوانن رێگای سەر شاخ بەکاربھێنن تاوەکو ئەوکاتەی رێگاکە دەکرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا