"بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون"
ژمارەیەک چەکدار شەش ئەندامی یەک خێزانیان لە سامەڕا کوشت
964+
کاروان ساڵحی
ژمارەیەک چەکدار کە دەستی گومان لەسەر “چەکدارانی داعشە”، خێزانێکی شەش کەسییان لە ناوچەی عەباسییەی قەزای سامەڕا بە چەکی بێدەنگ کوشتووە.
رووداوەکە شەوی رابردوو بووە و دوای رووداوێکی هاوشێوەی دەگمەن دێت، بە گوێرەی سۆراغی پەیامنێری 964، “چوار ساڵ پێش ئێستا پێنج ئەندامی دیکەی ئەو خێزانە کوژراون و دەستی گومان بەهەمان شێوە لەسەر چەکدارانی داعش بووە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.8.2024، بەرا حاتەم، شایەتحاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، “چوار ساڵ بەر لە ئێستا، ژمارەیەک چەکدارانی داعش دەچنە سەر ماڵی موختاری ناوچەی عەباسییە، موختارەکە و هاوسەرەکەی و سێ ئەندامی دیکەی خێزانەکەی دەکوژن”.
نازانرێ ژمارەی چەکدارەکان چەند بووە، بەڵام رووداوەکە ئەمشەو روویدایەوە و شایەتحاڵەکە باسی لەوەکرد، “شەوی رابردوو جارێکی دیکە چەند چەکدارێک، چوونەتە سەر ماڵی کوڕی ئەو موختارە، بە هەمان شێوە کوڕی ئەو موختارە و هاوسەرەکەی و چوار ئەندامی دیکەی ئەو خێزانەیان بە چەکی بێدەنگ کوشتووە”.
چەکدارەکان لە پاش رووداوەکە بۆ ناوچەیەکی نادیار هەڵاتوون، جەمال عەگاب بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای تکریت زانیارییەکانی بۆ 964 پشتڕاست کردەوە و وتی، “ئێستا لە ناو کۆبوونەوەیەکی ئەمنی داخراوین لەسەر ئەو رووداوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە”
ناوچەی عەباسییە سەر بە قەزای سامەڕایە دەکەوێتە باکووری پارێزگای تکریت، دانیشتووانەکەی زۆرینەیان لە عەرەبی سوننە مەزهەب پێکهاتوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا