شوێنەوارەکانی کۆیە ململانێیانە لەگەڵ ژیان
میدیازان – كارزان جرجیس – كۆیە
لە قەزای کۆیە و دەوروبەری زیاتر لە ٢٠٠ پێگەی شوێنەواری هەن، بەڵام بەشێکیان بە هۆکاری جیاجیا خەریکە لەناودەچن و ململانێیانە لەگەڵ مانەوە.
بەگوێرەی سۆراخی میدیازان، قەڵای شیلە بە دووری ١٠ هەزار کیلۆمەتر لەر ۆژهەڵاتی گوندی شیلە، کۆنترین شوێنەواری قەزای کۆیەیە، تەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین.
لەو ٢٠٠ شوێنەوارە ٨٥یان دەکەونە ناوەندی شاری کۆیە، بەشێکیان ئەو خانووانەن کە تاوەکو هەشتاکانی سەدەی رابردووش خەڵکیان تێدا ژیاوە.
دیارترین شوێنەوارەکانی کۆیە بریتین لەخرابە، كلێسە، قەڵای شیلە، ئەسكی كۆیە، گوبتەپە، سكتای قەیسەری، باواجی، سماقۆڵی میرسەید، چنارۆك و حەمامۆك.
ئەو ٨٥ شوێنەوارەی ناو شاریش دەکەونە چوار گەڕەکەوە، ئەوانیش بایزئاغا، هەواوان، بەفری قەندی و قەڵاتن، کە پێکهاتوون لە ئاش، ئاشی ئاو، ئاشی ئاگر، مزگەوت، كڵێسا و خانووی ئاسایی.
میدیازان دەزانێت، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەرچووە خاوەنی خانووە کەلەپوورییەکان پابەندكراون بە دەستکاری نەکردنی خانووەکانیان.
یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە لە رێگەی میدیازانەوە ئاشکرایکرد، گرێبەستیان كردووە لەگەڵ دوو رێكخراو و دوو تیمی دوو زانكۆی بیانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ، تاوەکو کنە و پشکنینی زیاتر بۆ شوێنەوارەکان بکەن و میکانیزمی پاراستنیان پێشکەش بکەن.
ئەو نەیشاردەوە، کە بەشێک لە شوێنەوارەکان شێوێندراون و بەشێکیشیان لەناوچوون.
“بەشێك لە شوێنەوارەکان لە دۆخێکی خراپدان و مەترسی رووخان و لەناوچوونیان لەسەرە، هەرچەندە بەپێی دەسەڵاتەكانی خۆمان رێگری دەكەین لە داڕووخانیان، بەڵام ناتوانین بڵێین نۆژەنیان دەكەینەوە، چونكە بەهۆی كۆنییان ساڵانە جگە لە هۆكاری مرۆیی بەهۆی باران و كەشوهەواوە دیوارەكانیان دەڕوخێن”، یەکێتی واحید وای وت.