دوای نزیکەی  10ساڵ چاوەڕوانی

رێگای گوندی بێگەڵاس چارەسەر دەکرێت

+964

ژێوار خدر

ماوەی چەند ساڵێکە دانیشتووانی گوندی بێگەڵاس، بە دەست خراپی رێگەکەیانەوە دەناڵێنن و ئێستا دوای نزیکەی 10 ساڵ وا خەریکن رێگاکەیان بۆ چارەسەر دەکەن.

مەحمود ناسر، موختاری گوندی بێگەڵاس بە 964ـی وت، نزیکەی 10 ساڵە دوو رێگامان هەیە بۆ گەیشتن بە گوندەکە، جگە لە رێگایەکی دیکەی چەوڕێژ کە رێگایەکی لاوەکییە و دەکەوێتە پشتی گوندەکەوە، ساڵانە بەهۆی باران و لافاوەوە رێگاکان تێک دەچن و هەموو ساڵێک دانیشتووانی گوندەکە خۆمان رێگاکەمان نۆژەن کردووەتەوە.

وتیشی، ئێمە خەڵکی گوندەکە بەو ئیمکانیەتە کەمەی لەبەر دەستماندا بووە، نەمانتوانیوە وەک پێویست و بە شێوەیەکی هەمیشەیی کێشەی گوندەکە چارەسەر بکەین، بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدان کردنەوەی راپەڕین کردووە رێگاکەمان بۆ نۆژەن بکەنەوە.

هەشت رۆژە دەست بە نۆژەن کردنەوەی رێگاکە کراوە، درێژی رێگاکە سێ کیلۆمەترە، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆی 10 ملیۆن و 600 هەزار دینارە، لەسەر بودجەی وەزارەت ئاوەدان کردنەوە جێبەجێ دەکرێت، جگە لە فراوان کردن و رێکخستنەوەی رێگاکە، چاڵ و چۆڵەکانیشی بە قیر پڕ دەکرێنەوە و چارەسەر دەکرێن.

لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاو کرایەوە، کە دانیشتوانی گوندەکە خۆیان بەشێک لە پارەی پڕۆژەکەیان تەرخان کردووە، بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە 964 بە چەند لایەنێکەوە کرد.

بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بۆ 964 وتی، ”ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و یەک دینار لە هیچ گوندنشینێک وەرنەگیراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، هەر کەسێکیش ئەو دەنگۆیەی بڵاو کردووەتەوە بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تۆمار بکەین و بیدەینە دادگا.

محەمەد رۆستەم، دانیشتوویەکی گوندی بێگەڵاسە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێمە هیچ بڕە پارەیەکمان نەداوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی راپەڕینەوە جێبەجێ دەکرێت.

موختاری گوندەکەش، ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە و وتی، “ئێمە تەنیا لە رووی دابینکردنی خواردنەوە هاوکاری ئەو کرێکارانەمان کردووە، کە لە پڕۆژەکەدا کارییان کردووە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی داراییمان نەکردوون.

.گوندی بێگەڵاس، کەوتووەتە ناحیەی هەڵشۆ لە قەزای پشدەر

خەڵکی گوندی بێگەڵاس قوربانی ئەمساڵیان 5 تۆن گۆشت بوو

خەڵکی گوندی بێگەڵاس قوربانی ئەمساڵیان 5 تۆن گۆشت بوو