"شیاوی خواردن نییە"
لە کۆیە وردە ئاسن لە برنجی بایەعیدا بینراوە
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەشێک لەو هاوڵاتییانەی قەزای کۆیە کە بەشەبرنجی مانگی حەوتی ئەمساڵیان وەرگرتووە، گلەییان هەیە و دەڵێن، “برنجی ئەمجارە پیسە و شتێکی تێدایە کە وەک وردە ئاسن وایە، بنکەی دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکیش لە کۆیە دەڵێت، چاودێری دەکەن و ئەگەر حاڵەتێکی وا هەبێت بۆیان قەرەبوو دەکەنەوە.
دیدەن کەریم، هاوڵاتییەکی قەزای کۆیە، بە 964ی وت، “ئەو برنجەی وەرمانگرت، خاوێن نییە و شتێکی تێدایە وەک وردە ئاسن وایە، شیاو نییە بۆ خواردن، چەندین جاری تریش وەرمانگرتووە باش بووە، بەڵام ئەمجارە زۆر پیس بووە، بۆیە ناتوانین بەکاریبێنین”.
داوایشی کرد، چاودێری بنکەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراک زیاتر بکرێت تا حاڵەتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
بنکەی کەلوپەلی خۆراک لە کۆیە، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بەردەوام چاودێری بریکارەکانمان دەکەین، داواش لەو هاوڵاتییانە دەکەین کە شتی پیس لە بەشەبرنجەکەیاندا هەبووە، هەر کاتێک حاڵەتی وایان بینی ئاگادارمان بکەنەوە، ئەو کاتە قەرەبووی بەشەخۆراکەکەیان بۆ دەکەینەوە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری