ئەمڕۆ کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە

لە رانیە پەردە لەسەر پەیکەری سەرکەوتن هەڵدەدرێتەوە

+964

ژێوار خدر

لەو شوێنەی کە یەکەم گولـلەی راپەڕینی لی تەقێندرا، بە دیاریکراوی لە بەردەم مزگەوتی ناجیە خان لە ناو بازاڕی رانیە، پەیکەرێک دروستکراوە و ئەمڕۆ پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادەبرێت، وەک سیمبولێک بۆ راپەڕینەکەی بەهاری ساڵی 1991.

ئەیوب ئەحمەد، ئەو پەیکەرسازەی پەیکەرەکەی دروست کردووە بە 964ـی وت، ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم پەیکەری ناجیە خان پەردە لەسەر پەیکەری سەرکەوتن لادەدەن.

وتیشی، “پەیکەرەکە رێک لەو شوێنە دروستکراوە کە یەکەم گولـلەی راپەڕینی لێ تەقێندرا و هەمان ئەو ستوونە کارەباییەشمان لە پەیکەرەکەدا بەکارهێناوەتەوە، کە لەو کاتەدا لەو شوێنە بوو”.

زیاتر وتیشی، “ئەو ستوونە لەو شوێنە دیمەنێکی ناشیرینی بە بازاڕەکە بەخشی بوو، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە پەیکەرێک دروست بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە سیمبولێک بۆ راپەڕین و هەمیش دیمەنێکی جوان بە شارەکە ببەخشێت.

بە قسەی پەیکەرسازەکە، ماوەی پێنج مانگ خەریکی دروستکردنی پەیکەرەکە بووە، پانییەکەی 160 سانتیم و بەرزیی پەیکەرەکەش 120 سانتیمە، هەر یەک لە مادەکانی: ئاسن، هاڕاوەی مەڕمەڕ و پۆلیستەر لە دروستکردنی پەیکەرەکەدا بەکارهاتوون.

”پەیکەرەکە لە سێ شێوە پێک هاتووە، کە هەریەکەیان دەلالەت لە بابەتێکی جیاواز دەکەن، سێ رەنگی ئاڵای کوردستانیشی تێدا بەکارهاتووە، کە دەلالەت لە هێزی شۆڕشەکان، هێزی جەماوەر و بەردەوامی گۆڕانکاری و شۆڕش دەکەن.” ئەیوب ئەحمەد وای وت.

ئەمە چوارەمین پەیکەرە، کە بۆ شاری رانیە دروست دەکرێت لەلایەن ئەیوب ئەحمەدەوە، پێشتریش هەر یەک لە پەیکەرەکانی مۆنۆمێنتی راپەڕین، پێشمەرگەی پارکی دەروازە و منداڵ و دۆلفینی ناو باخی گشتی رانیە لەلایەن هەمان پەیکەرسازەوە دروستکراون.

جەنجاڵی شەقامێکی ناو بازاڕی رانیە چارەسەر دەکرێت

جەنجاڵی شەقامێکی ناو بازاڕی رانیە چارەسەر دەکرێت