پاسپۆرتە نوێیەکە بە وێنەی قەڵا و پردی دەلال و بەنداوی دۆکان دەبێت

+964

فەرمان سادق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە گفتوگۆ دایە بۆ چاپ کردنی پاسپۆرتە نوێیەکە کە وێنەی قەڵای هەولێر و پردی دەلال و بەنداوی دۆکای لەسەرە.

شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ئەوروپایە بۆ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی بە مەبەستی چاپ کردنی پاسپۆرتی نوێ کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە شاندەکەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، لەناو دەفتەرە نوێیەکەی پاسپۆرتی عێراق، وێنەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەموو شارەکانی عێراقی تێدایە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی کوردستان بۆ تۆڕی964 ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە وێنەی شوێنەوارەکانی کوردستان دەچێتە سەر پاسپۆرتە نوێیەکە، وتی “بۆ ئەمە وێنەی شوێنەوارەکانی کوردستانمان بۆ ناردوون”.

لای خۆیەوە عەمید ماجد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی عێراق قسەی بۆ تۆڕی964ـی کردووە و ئاشکرای کرد جگە لە قەڵای هەولێر، ئەوا قەڵای کەرکوک، پردی دەلال لە زاخۆ و بەنداوی دۆکان دەچێتە سەر لاپەڕەکانی ناوەوەی دەفتەری پاسپۆرتەکە.

زیاتر وتی “جگە لە ناوچە شوێنەرییەکانی کوردستان، ئەوا لە دەفتەرە نوێیەکەدا شوێنەوار و جێگەی بەناوبانگی هەموو شارەکان هەیە، وەک منارەی حەدباکەی موسڵ، ئەهوارەکان و زۆر شوێنی دیکەش”.

تۆڕی964 دەزانێت، بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە سەدان مامەڵەی هاوڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتی شارەکان وەستاون.