سامانى ماسی له‌ دهۆك زیاد ده‌بێت

هەزاران په‌نجه‌ماسی خراونه‌ته‌ ناو پۆند و به‌نداوه‌كانى دهۆك

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ دهۆك به‌هۆى دروستكردنى ژماره‌یه‌ك پۆند و به‌نداو رێژه‌ى به‌رهه‌مى سامانى ماسی زیاد ده‌بێت و ئه‌م زیادبوونه‌ش له‌رێگه‌ى هەزاران په‌نجه‌ ماسییه‌ كه‌ ساڵى پار و ئه‌مساڵ خراونه‌ته‌ ناو پۆند و به‌نداوه‌كان.

به‌پێی خه‌مڵاندێكی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى هه‌رێم، ساڵانه‌ هه‌ر تاكێكى هه‌رێمی كوردستان پێویستى به‌ دوو كیلۆ و 900 گرام ماسی هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ى تایبه‌ته‌ به‌ پارێزگاى دهۆك، هه‌روه‌ك رێدیر شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵى ئه‌م پارێزگایه‌ بۆ 964ـى باسكردووه‌، پێویستى ساڵانه‌ى پارێزگاكه‌یان بۆ به‌رهه‌مى ماسی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار تۆنه‌، به‌ڵام ئێستا زۆر كه‌متر له‌و رێژه‌یه‌ به‌رهه‌میان هه‌یه‌.

وتیشی “گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ى ماسی له‌ سنوورى دهۆك كه‌ ته‌نیا قۆناغى یه‌كه‌مى ته‌واو كراوه‌ ساڵانه‌ هه‌زار و 200 تۆن به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیش 50 پڕۆژه‌ى مۆڵه‌تدار هه‌ن، به‌ڵام هێشتا نه‌تواندراوه‌ بگه‌یه‌ندرێته‌ ئاستى پێویستى ناوخۆى دهۆك”.

پڕۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ى دهۆك، پڕۆژه‌یه‌كى‌ وه‌به‌رهێنانه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ سنوورى ناحیه‌ى فایده‌ى قه‌زاى سێمێل رووبه‌ره‌كه‌ى 72 دۆنم و له‌سه‌ر وشكانیش به‌ رووبه‌رى 157 دۆنم دروست ده‌كرێت.

به‌شه‌كانى پڕۆژه‌كه‌ پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، حەوزی خول، بەخێوکردنی ماسی بە شێوەی قەفەز، هەروەها کارگەی ئالیک و تاقیگە.

به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵ ده‌ڵێت، بە تەواوبوونی دوو قۆناغه‌كه‌ى دیكه‌ى ئه‌م پڕۆژەیە بەرهەمهێنانى دەگاتە چوار هەزار و 500 تۆن له‌ ساڵێكدا و ئه‌مه‌ش ته‌واوى پێداویستی ناوخۆی دهۆک پڕبکاتەوە.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ى ساڵى پار و ئه‌مساڵدا توانیویانه‌ 100 هه‌زار په‌نجه‌ماسی بخه‌نه‌ به‌ناداوى موسڵ له‌ سنوورى خانكێ و 60 هه‌زار په‌نجه‌ماسیشیان خستووه‌ته‌ به‌نادوى كاشكان له‌ سنوورى پارێزگاكه‌یان.

له‌م مانگه‌شدا پلانیان وایه‌ سه‌دان په‌نجه‌ مه‌اسی دیكه‌ بخه‌نه‌ ناو به‌نداوى خنس و به‌نداوه‌كه‌ى ئامێدی.

به‌پێی دوایین داتا كه‌ فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاری بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە هەرێمی کوردستاندا، 413 پرۆژەی ماسی هەن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەرهەمی ساڵانەیان چوار هەزار و 700 تۆن ماسییە، به‌ڵام پێداویستیی ناوخۆیی بۆ بەرهەمی ماسی، ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە.

 22 هه‌زار په‌نجه‌ماسی خرانه‌ ناو به‌نداوى شه‌وگێڕ

 22 هه‌زار په‌نجه‌ماسی خرانه‌ ناو به‌نداوى شه‌وگێڕ