"لە نزیک بنكه‌یەکی پاسه‌وانى ئێران كوژراوه"‌

ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر مۆمیا ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ باڵه‌كایه‌تى

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دوایین زانیاری له‌سه‌ر ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ى باڵه‌كایه‌تى، ئه‌وه‌یه‌ له‌م رۆژانه‌ له‌ هه‌ولێر مۆمیا ده‌كرێت و دواتریش ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ باڵه‌كایه‌تى و له‌ شوێنێكى تایبه‌ت داده‌نرێت، بكوژه‌كه‌شی تاوه‌كو ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ هه‌ینى، له‌ رێگه‌ى چه‌ند تیمێكى به‌رگرى شارستانییه‌وه‌ ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ له‌ كوێستانه‌كانى چۆمان هێندرایه‌ ئیداره‌ی سۆران، به‌هۆى نه‌بوونى ساردكه‌ره‌وه‌ ورچه‌كه‌یان گه‌یانده‌ هه‌ولێر.

محه‌مه‌د عومه‌ر، به‌رپرسی راگه‌یاندنی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی هه‌ولێر به‌ 964ـى وت، لاشەی ورچەكه‌ گەیاندراوه‌تە ساردكه‌ره‌وه‌ى باخچەی ئاژەڵانی هەولێر كه‌ به‌ Erbil Zoo ناسراوه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كارییه‌كانى چاره‌نووسی ورچه‌کە وتى “هیچ زانیارییه‌كم لانییه‌”.

دڵشاد حسێن هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌م رۆژانه‌ ده‌ست به‌ مۆمیاكردنى ورچه‌كه‌ ده‌كرێت و دواتریش ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ سنوورى باڵه‌كایه‌تى.

وتیشی “ئه‌و تیمه‌ى ورچه‌كه‌ مۆمیا ده‌كات ئێستا له‌ تارانن و به‌ گه‌یشتنه‌وه‌یان راسته‌وخۆ ده‌ست به‌ مۆمیاكردنه‌كه‌ ده‌كرێت”.

به‌قسه‌ى دڵشاد هیرانى، ورچه‌كه‌ ته‌نیا یه‌ك گولـله‌ى به‌ركه‌وتووه‌ و گولـله‌كه‌ش له‌ جه‌سته‌یدا دیوبه‌ده‌ر بووه‌ و پێده‌چێت كه‌ به‌ چه‌كى قه‌نناس پێكرابێت.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنى بكوژه‌كه‌شی، ئاشكرای كرد تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

ئه‌حمه‌د بارزان عه‌لیكۆ، قایمقامیه‌تى چۆمانیش بۆ 964 دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌ى سێ رۆژى ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوژرانى ئه‌م ورچه‌ كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

وتیشی “ئه‌و شوێنه‌ى ورچه‌كه‌ى به‌ كوژراوى لێ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كانیه‌ڕه‌شی پێده‌ڵێن و خاڵى سفری سنوورییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران و شوێنه‌كه‌ش زۆر نزیكه‌ له‌ بنكه‌ى پاسه‌وانه‌كانى ئێران”.

روونیشیكرده‌وه‌ شوێنه‌كه‌ هیچ كامێرایه‌كی لێ نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان سوودى لێوه‌ربگرن، به‌ڵام ده‌ڵێت “هه‌ر ده‌بێت بكوژه‌كه‌ى ده‌ستگیر بكرێت”.

لایخۆشییه‌وه‌، هه‌ژار ماهیر به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران، شوێنى دانانى ورچه‌كه‌ى به‌ مۆمیاكراوى بۆ 964 دووپات كرده‌وه‌ و وتى “له‌ ئۆفیسی ناشناڵ پاركى هه‌ڵگورد سه‌كران داده‌ندرێت كه‌ نزیكه‌ له‌ دیوانى قایمقامییه‌تى چۆمان”.

گومان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌نگه‌وانه‌كان ورچه‌كه‌ى ب...

گومان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌نگه‌وانه‌كان ورچه‌كه‌ى باڵه‌كایه‌تیان كوشتبێت