بە شێوەی قیستی درێژخایەن

  پاسە كۆنەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێن بە پاسی مۆدێل تازە

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

لەڕێگەی پڕۆژەیەكەوە سەرجەم پاسە كۆنەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێن بە پاسی مۆدێل تازە و سەندیكای شۆفێرانیش دەڵێت،”ئێمە پڕۆژەكەمان پەسەند كردووە و لای خۆمانەوە ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كراوە”.

پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای موكریانەوە جێبەجێدەكرێت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند بانكێك، بۆ پێدانی پاسە نوێیەكان بەشێوەی قیستی درێژخایەن بە هاوڵاتییان.

لەبارەی چۆنیەتی پڕۆژەكەوە د.بیلال محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای موكریان بە 964ی وت،”زۆربەی پاسەكانی هێڵەكانی ناوشار كۆنن، ساردكەرەوەیان تێدا نییە و هۆكاریشن بۆ پیسبوونی ژینگە، لەو سۆنگەیەوە ئێمە هەستاین بە پێشكەشكردنی پڕۆژەكە”.

وتیشی،”پڕۆژەكەمان لە نمونەی وڵاتە پێشكەوتووەكانە و لە هەردوو جۆری پاس و مینی پاس دەبێت، لەگەڵ چەند بانكێكیش قسەمان كردووە بۆ ئەوەی بەشێوەی قیستی درێژخایەن پاسەكان دابین بكات”.

لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش ئازاد ئەحمەد، سەرۆكی سەندیكای شۆفێران بە 964ی وت، “پڕۆژەكە بە جۆرێكە پاسە كۆنەكان دەمرێنرێن كە ژمارەیان 150 دانەیە و پاسی تازە بە خاوەنەكانیان دەدرێت، بەجێبەجێكردنیشی بیانوی ئەوە نامێنێت لە هاویندا شۆفێران ساردكەرەوەكان دانەگیرسێنن، پڕۆژەكەش وەكوو سەرەتا لای سەندیكا و گواستنەوەی سلێمانی پەسەند كراوە و ڕەوانەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە، بۆئەوەی ڕەزامەندی كۆتایی لەسەر وەربگیرێت”.

لەناو شاری سلێمانی هەزار و 600 پاس لە 25 هێڵدا كاردەكەن و لەو ژمارەیەش 150 پاسی مۆدێل هەشتاكانی تێدایە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری