هۆکاری چییە؟
كشانەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە، كشانەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، وادەی كشانەوەی ئەركی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخرا، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشهاتانەی بەمدواییە لە ناوچەكە روویانداوە.
وەزارەتەكە بڵاویكردەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە وەڵامێکی نادروست وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی داوەتەوە، بۆیە ئەو روونكردەوەیە دەخەنەڕوو.
یەکەم: هیچ هێزێکی ئەمریکی لە عێراقدا نییە جگە لە راوێژکارە سەربازییەکان کە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان، ئەم راوێژکارانە لە دەرئەنجامی کاری لیژنەی باڵای سەربازیدا جێگیرکراون و هەردوولا پابەندن بە میکانیزمە دامەزراوەکان و بەرهەمەکانیان.
دووەم: کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا تیشکی خستووەتەسەر هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی داعش بە ئامانجی گەیشتن بە وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سروشتی، لەسەر ئەو بنەمایە، بوونی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەموو نەتەوەکانیان لەسەر خاکی عێراق کۆتایی پێدێت.
ئەم گفتوگۆیانە وردەکارییەکانی لەخۆگرتبوو کە پلەبەندی کشانەوەی راوێژکاران لە پێگەكانیان لەخۆدەگرت و تەنیا ئەوەی مابووەوە رێککەوتن بوو لەسەر وردەکاری و رێكەوتی راگەیاندنەکە و هەندێک لایەنی لۆجستیی دیکە، ئێمە زۆر نزیک بووین لە راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، (راگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخرا).
سێیەم: پەیوەندی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمەریکا لە هەموو بوارەکاندا بە پەیوەندی ئەمنیشەوە، بەتەواوی جیایە لە رەوتی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەم پەیوەندییە پێش هاوپەیمانی بوونی هەبووە و دوای ئەویش بەردەوام دەبێت، شاندنی عێراقی تاوتوێی ئایندەی پەیوەندی ئەمنی لە بوارەکانی مەشق و پڕچەککردن و تەیارکردن و هاریکاری ئەمنی کرد، لەژێر رۆشنایی ئەوەی لە دەستووری عێراق رێگەی پێدراوە و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا.