ئه‌مساڵ كڕیاریان زیاتر بووه
له باسرمه خێزانه عه‌ره‌به‌كان روویان له كڕینى زه‌وى و خانوو كردووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى ناحیه‌ى باسرمه ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو، كه ژماره‌یه‌كى زۆر خێزانی عه‌ره‌ب روویان له كڕینى خانوو و زه‌وی كردبێت، كاتێك په‌یوه‌ندیمان به به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه كرد، پشتڕاستى كرده‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێت، به‌وشێوه زۆره نییه، پارێزه‌رێكیش ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ له‌چاو پار ساڵ كڕیارانى عه‌ره‌ب سێ ئه‌وه‌نده بوونه‌ته‌وه.
نوسینگه‌كانى كڕین و فرۆشتنى خانووبه‌ره له سنوورى ناحیه‌ى باسرمه‌ى سه‌ر به قه‌زاى هه‌ریر، به ئاشكرا رێكلامه‌كانیان بۆ فرۆشتنى خانوو و زه‌وى به زمانى عه‌ره‌بی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، تیایدا وه‌سفى پارچه زه‌وی یاخود خانووه‌كه ده‌كه‌ن و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه شوێنه‌كه له شه‌قڵاوه‌وه نزیكه.
ره‌زا ئه‌حمه‌د زه‌خۆك، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى باسرمه به 964 پشتڕاستى كرده‌وه كه مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى زه‌وى به خێزانه عه‌ره‌به‌كان هاتووه‌ته به‌رده‌ستى و ئه‌ویش رێكاره ئیدارییه‌كانى بۆ ئه‌نجام داوه.
وتیشی “بڕیارى حكومه‌تى هه‌رێمه كه هاوڵاتییان ده‌توانن خانوو یاخود زه‌وى كه خاوه‌نى تاپۆن، له هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێت بیكڕن و ئێمه‌ش ناتوانین رێگرى لێبكه‌ین”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، رێژه‌ى كڕینى زه‌وى خانوو له سنوورى ناحیه‌كه‌ى به‌وشێوه‌یه زۆر نییه كه له سۆشیاڵ میدیاكان باس ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌ڵێت “بوونى هه‌یه”.
لایخۆشییه‌وه، هونه‌ر بناوى، پارێزه‌ر و ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه كار له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى زه‌وى و خانوو له سنوورى ناحیه‌ى باسرمه ده‌كات، به 964ـى وت ساڵى پار كڕینى خان‌و و زه‌وى له‌لایه‌ن خێزانه عه‌ره‌به‌كانه‌وه كه‌متر بوو و ئه‌مساڵ زیاتره.
وتیشی “ساڵى پار نزیكه‌ى 60 حاڵه‌تى كڕین له‌لایه‌ن خێزانه عه‌ره‌به‌كان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مساڵ نزیكه‌ى سێ ئه‌وه‌نده‌ى ساڵى پاره و زیاتر بووه”.
روونیشیكرده‌وه، خێزانه عه‌ره‌به‌كان ناتوانن هه‌موو جۆره زه‌وییه‌ك بكڕن، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت كه تاپۆن و خاوه‌ن سه‌نده‌ى تایبه‌تن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خانه‌وبه‌ره.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له پارساڵه‌وه كڕینى زه‌وى له‌ناو شه‌قڵاوه قه‌ده‌غه كراوه، خێزانه عه‌ره‌به‌كان روویان له ناحیه‌ى باسرمه كردووه.
له‌باره‌ى هۆكاره‌كه‌شییه‌وه، ئه‌و پارێزه‌ره ده‌ڵێت “تاكه هۆكارێك كه خێزانه عه‌ره‌به‌كان له باسرمه زه‌وى ده‌كڕن بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له سه‌نته‌رى قه‌زاى شه‌قڵاوه‌وه نزیكه.
به‌قسه‌ى ئه‌م پارێزه‌ره، زۆربه‌ى زه‌ویه‌كان 200 مه‌تر دووجان و به‌پێی باشی و خراپی زه‌ویه‌كان تاده‌گاته زه‌ویه بازرگانییه‌كان نرخیان له‌نێوان سێ هه‌زار دۆلار تاوه‌كو 20 هه‌زار دۆلاره.