دەروازەیەک دادەخرێت
کیلۆیەک تەماتە بوو بە دوو ھەزار دینار
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆی تەماتە، ھاوردەکردنی لە وڵاتی ئێرانەوە قەدەغەکردووە، ئەمەش نرخی ئەو بەرھەمەی بۆ دوو ھەزار دینار بەرزکردووەتەوە.
بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان لە 15.5.2024 تا 1.12.2024 باج لەسەر تەماتەی ھاوردە بۆ ھەر کیلۆیەک 750 دینار زیاد کراوە.
کاسبکارێک لە عەلوەی کەلار بە 964ى وت،”ئەمڕۆ لە عەلوە کیلۆیەک تەماتە بە 1200 دینار فرۆشراوە، تا دەگاتە دەست ھاوڵاتی نرخەکەی دەگاتە دوو ھەزار دینار”.
ماوەی نزیکەی سێ مانگە لە مەرزی پەروێزخانەوە تەماتە لە وڵاتی ئێرانەوە نایەت، حکومەتی عێراق ھەندێک کارئاسانی کرد، بۆ ئەوەی نرخی تەماتە بەرز نەبێتەوە، بە شێوەی نیمچە قاچاخ لە مەرزی مونزرییەوە تەماتە دەھات، ئەو کاسبکارەی عەلوەی کەلار وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بەھۆی ھاتنی زیارەتکاران لە وڵاتی ئێرانەوە، مەرزی مونزرییەش داخراوە، بۆیە بەو شێوەیە نرخی تەماتە بەرز بووەتەوە، بەرھەمی تەماتەی پێنجوێن ئێستا لە بازاڕەکانە، ئەویش پێداویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە.
ستار عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت، “بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر تەماتەی ھاوردە بۆ ئەوەیە تەماتە هاوردە نەکرێت و بڕیاری وەزیرە، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە کارئاسانی بکەین تا نرخی ھەرزان ببێت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش