20 فەرمانبەری بۆ دادەمەزرێنن
دوای سێ مانگ کارکردن پلەی فەرمانگەیەکی پێنجوێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرز کرایەوە
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای سێ مانگ لە کردنەوەی فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پلەی فەرمانگەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرز کرایەوە.
ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا فەرمانگەکەیان بە شێوەیەکی بەردەوام کاری کردووە بە ژمارەیەکی زۆر کەم کارمەندەوە.
باسی لەوەشکرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی فەرمانگەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ فراوانی جوگرافیای ناوچەکە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی رۆتین و خێرا رایکردنی کارەکانیانە.
وتیشی، لە دوای رێکەوتی 21.4.2024وە 14رێگای گوندەکانی پێنجوێنیان چاککردووە و کاریان تێداکردووە و رەزامەندی قیرتاوکردنیشیان بۆ پێنج رێگا وەرگرتووە.
سەبارەت بە ناوی20 فەرمانبەرەکەیان ئەوەی خستەروو، ناوی ئەو 20 کەسەی کە دەبێت دابمەزرێندرێن بۆ فەرمانگەکەیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندین.
لە رۆژی 21.4.2024 وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەردانی قەزای پێنجوێنی کرد و فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێنی کردەوە و لە لێدوانێکیدا بە 964ـی وت، دووسایدکردنی رێگای پێنجوێن – سەیدسادق دیزاین کراوە، بەڵام تێچووەکەی زیاترە لە 400 ملیار دینار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی