داهۆڵیش رایان ناگرێت
بەرازەکانی گوندی فەقێیان لە هیچ ناترسن
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ئەمساڵ بەراز زیانی زۆری بە جوتیارانی گوندی فەقیان گەیاندووە و هیچ شتێک نایانترسێنێت.
بەراوارد بە سالانی رابردوو، رێژەی بەراز لە گوندەکە زیادی کردووە و قڕانی بۆ بەرهەمی ترێ و قەیسی و کاڵەک و تەرۆزی ناوچەکە هێناوە، جوتیارانیش بۆ رێگری کردن و ترساندنی بەرازەکان داهۆڵیان لەناو باخەکانییان داناوە، دروست کردووە، بەڵام ئەوەش سودی نیە و جوتیاران هاواریان لێ هەستاوە و کشتوکاڵیش دەڵێت، بەدواداچوون دەکەین.
ئیبراهیم رەسوڵ، جوتیارێکی گوندی فەقێیانە، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ”بەراز بەرهەمی ئەم ساڵی نەهێشتین و زەرەرێکی زۆری لێ داوین، ئاوابێت دەبێت ساڵێکی تر واز لە کشتوکاڵی بهێنین”.
وتیشی، 10 ساڵە بەراز لە ناوچەکەمان دەرکەوتووەتەوە بەڵام هیچ کات هێندەی ئەمساڵ زۆر نەبووە، لە ترسی بەراز کاڵەکم نەکرد کە ساڵانی رابردوو نزیکەی چوار دۆنم زەویم دەکرد بە کاڵەک.
پەیامنێری 964، ئەو بابەتەی گەیاندە کشتوکاڵی رواندز، پەیام دڵدار، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵی رواندز وتی، ”ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووین و جوتیاران باسیان نەکردووە لە رێگای ئێوەوە بە بابەتەکەمان زانی، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین”.
گوندی فەقێیان لە سنووری قەزای رواندزە، یەکێکە لەو گوندانەی ساڵانە بەرهەمێکی زۆری ترێ و بادەم و سماقی لێ بەرهەم دێت..
پێداچوونەوە: ژێوار خدر