باخێکی تری خانەقین ئەمڕۆ سوتا وێنە 964
هۆکارەکەی نەزانراوە
ئاگرێک بووە هۆی سووتانی چەندین دارخوورما لە خانەقین
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەمڕۆ چوارشەممە باخێک لە گەڕەکی جەلەوەی خانەقین ئاگری گرت، کە بووە هۆی سووتانی چەندین دارخورما، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەش دوو کاتژمێری ویست.
عەبدولڕەحمان محەمەد شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە بە 964ـی وت، نزیک کاتژمێر 10ی بەیانی ئاگر لە باخەکە کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی پاش چەند خولەکێک لە شوێنەکە ئامادەبوون، بەڵام کوژاندنەوەی ئاگرەکە کاتێکی زۆری ویست.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 کە لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی وەریگرتووە، رووبەری باخەکە زیاتر لە دوو دۆنم دەبێت، ئاگرەکە دارخورما و چەند دارێکی دیكەی مزرەمەنی، گیا، پووش و پاوانی لەگەڵ خۆیدا سووتاند.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە سێ ئۆتۆمبێلەوە بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لە شوێنەکەدا بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکەش، تا ئێستا نەزانراوە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران