شۆفێرەکە گیانی سپارد

مینی پاسێك لە رێگای خەلەكان وەرگەڕا و 11 كەس بریندارن

964+

رێژوان مامەقادر – سلێمانی

لە وەرگەڕانی مینی پاسێكی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە نێوان سلێمانی و هەولێر، 11 كەس برینداربوون و یەكێك لەوان شۆفێرەكەیە و دواتر گیانی لە دەست دا.

پاسەكە لە نێوان هەردوو گوندی بادەوان و بێستانە لە سنووری ناحیەی خەلەكان وەرگەڕا و 14 سەرنشینی هەڵگرتبوو، ئێستاش برینی 2-3 كەسیان سەختە.

نوێكرایەوە  12:53

مەڵبەند حەمەد بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستیی خەلەکان بە 964ی راگەیاند، شوفێری پاسەكە گیانی لە دەست داوە، 10 كەسی دیكە بریندارن و خەریكە بە ئەمبۆلانس دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.

وتیشی، پاسەكە 14 كەسی تێدابووە و هەموویان كوردن و یەك كەسیان هاوڵاتییەكی عەرەبە، پاسەكە لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر رۆیشتووە.

مەڵبەند حەمەد ئەوەشی وت، برینی 2-3 كەس لە بریندارەكان سەختە.

نوێكرایەوە 12:46

رێپێدراوێكی پۆلیس لە بنكەی پۆلیسی هاتوچۆی خەلەكان بە 964ی وت، یەكێك لە بریندارەکان گیانی لە دەست دا.

وتیشی، پاسەكە لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر رۆیشتووە و لە نزیك گوندی بادەوان تووشی رووداوەكە بووە.

964 هێشتا هەوڵی زانیاریی زیاتر و پشتڕاستکراوە لە بارەی رووداوەکە دەدات.

نوێكرایەوە كاتژمێر 12:40

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری سلێمانی، حاجیتان، پیرەمەگروون بەرەو شوێنی رووداوەکە دەڕۆن بۆ بەهاناوەچوونیان.

وتیشی، “کەمێکی دیکە دەگەینە لای رووداوەکە و زانیاری و وردەکارییەکەی دەزانین و تەواوی بریندارەکانیش دەگوازینەوە شاری سلێمانی”.

هەواڵی سەرەتا

لە سنووری ناحیەی خەلەکان لە پارێزگای سلێمانی مینی پاسێک وەرگەڕا و 11 کەس بریندارن، راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە، مینی پاسەكە لە هێڵێكی نێوان هەولێر و سلێمانی كاردەكات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

‌له‌ رووداوێكى هاتوچۆ 9 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زی...

‌له‌ رووداوێكى هاتوچۆ 9 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 20 كه‌سیش برینداربوون