سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە
لە بەرازیل فڕۆکەیەک بە 62 سەرنشینەوە تێکشکا
964+
وریا فەتاح
فڕۆکەیەک لە ویلایەتی ساوپاولۆی بەڕازیل بە 62 سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى بەرازیل، فڕۆکەیەکی جۆری Voepass ATR-72 لە شاری ساوپاولۆی بەڕازیل تێکشکاوە و هیچ رزگاربوویەک نییە.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاو بوونەتەوە، دەریدەخەن فڕۆکەکە بە شێوەیەکی ستوونى دادەبەزێت و دەکەوێتە خوارەوە و تێکدەشکێت.
فڕۆکەکە 58 سەرنشین و چوار کارمەندی هەڵگرتبوو، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رایانگەیاندووە، هیچ رزگاربوویەک نەبووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە.
فڕۆکەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە بەڵام هیچ کەسێک لەسەر زەوی بریندار نەبووە.
تۆڕی تەلەفزیۆنی گڵۆبۆنیوزی بەڕازیل وێنەی ناوچەیەکی فراوانی نیشاندا کە ئاگری گرتووە و پاشماوەی دوکەڵی لە ناوچەیەکی پڕ لە خانوودا دروستکردووە.
بەپێی ماڵپەڕی بەدواداچوون Flightradar24، فڕۆکەکە لە ساڵی 2010 دروستکراوە.
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل لە بۆنەیەکدا کە تێیدا قسەی دەکرد، خولەکێک بێدەنگی پیشاندا و هاوسۆزى بۆ قوربانیان دەربڕى.