بە فڕۆکەى تورکیا

سێ جار سنوورى ماوەت بۆردومان کرا

964+

وریا فەتاح

ئێوارەى ئەمڕۆ، سێ جار و دوو گوندى سنوورى ماوەت بە فڕۆکەى جەنگى تورکیا بۆردومانکراون و ماڵى هاوڵاتییەکیش پەنجەرەکانى شکاون و ئاگرێکى گەورەشى دروستکردووە.

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت، کاتژمێر 5:50 خولەکى ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپاى تورکیا بە فڕۆکەى جەنگى زنجیرەیەک بۆردوومانى لە سنوورى ماوەت ئەنجامداوە.

وەک باسى دەکات، بۆردومانێک لە گردەڕەش بووە کە دەکەوێتە گوندى سەفرە، دوو بۆردومانەکەى دیکەش لە دۆڵى گەڵوەتارۆ و دووکانیان لە سنوورى گوندى گەڵاڵە بووە.

“بەهۆى بۆردومانەکەوە، پەنجەرە و دەرگاى ماڵى هەرێمى خاڵەبرایمى لە گوندى سەفرە شکاون و 25 دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتاون”، کامەران مەلا عوسمان واى وت.

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات.

بەپێى ئامارەکانى (CPT) کە پێش ماوەیەک بۆ 964 ئاشکراى کرد، لە 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.