نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاریی سلێمانی
رۆژانە 30 نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێن و ستافیشیان كەمە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاریی سلێمانی رۆژانە نزیکەی 30 نەشتەرگەری ئەنجام دەدات، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکەش دەڵێت، ئەگەر کێشەی کەمی ستافیان نەبوایە دەیانتوانی نەشتەرگەریی زیاتریش بکەن.
سەروەر سدیق، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێرکاریی سلێمانی بە 964ـی وت، رۆژانە لە بواری نەشتەرگەریی گشتیدا، نزیکەی 15 نەشتەرگەری و لە بوارەکانی بۆریی میزەڕۆ و گورچیلە و میزڵدانیشدا، نزیکەی 15 نەشتەرگەری ئەنجام دەدەن، هەموو هەفتەیەکیش سێ نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە دەکرێت.
وتیشی، “بەداخەوە کێشەی کەمی ستافمان هەیە و کارمەندی تەندروستیمان کەمە، وا نەبوایە دەمانتوانی ژمارەیەکی زیاتریش نەشتەرگەری ئانجام بدەین”.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە، رۆژانە 60 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، کە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
“جگە لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، کە دوو ملیۆن و 400 هەزار دیناری تێدەچێت، سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی دیکە بێبەرامبەر دەکرێن و رۆژانەش چوار نەشتەرگەریی نیمچە تایبەتمان هەیە، كە یەک لەسەر پێنجی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان وەردەگیرێت” سەروەر سدیق وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر