حەوت قوتابخانەن
هەوڵی دابینکردنی پارە بۆ قوتابخانە تەواونەکراوەکانی دوزخورماتوو دەدرێ
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە دوزخورماتوو حەوت قوتابخانە بە تەواو نەکراوی ماونەتەوە، کە بەشێکیان دەکەوێتە ناو گەڕەکە کوردییەکان و زیاتر لە 10ساڵە کارکردن لەو پڕۆژانە راوەستاوە، “ئەگەرێک هەیە دەست بەکارکردن لە پڕۆژەکان بکرێتەوە”.
قوتابخانەکان شەش پۆلین، هەندێکیان لەسەر بنەمای رێککەوتنی چین و عێراق بۆ گەشەپێدانی پەروەردە دروستدەکرێ، ژمارەیەکیشیان حکومەتی عێراقی سەرپەرشتی دەکات.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، “بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ساڵانی رابردودا بەسەر قەزای دوزخورماتوو دا تێپەڕی، ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکانی سنوری قەزاکە پەکیان کەوت و ئیشکردن تێیاندا بەتەواوی وەستا کە بەشێک لەو پڕۆژانە، قوتابخانەن”.
لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردە هاتوونەتە قەزاکە و گوێیان لە گرفتەکان گرتووە، ئەو وتی، “بەشێک لە قوتابخانەکان دەکەونە نێو گەڕەکە کوردییەکانی قەزاکەوە بەتەواو نەکراوی ماونەتەوە و هەندێک لەقوتابخانەکان زیاتر لە 10ساڵە کارکردن تێیاندا وەستاوەو لە هەوڵداین بەزوویی کارکدن تێیاندا دەستپێ بکاتەوە”.
ئەمساڵ بڕی 80 ملیار دینار بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکانی دوزخورماتوو دیاری کراوە، بە قسەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، ” لە2011ـەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە و ئەوان بەشێک لەو بودجەیەیان تەرخان کردووە بۆ تەواوکردنی ئەو قوتابخانانەی کە بەهۆی نەبوونی سیولە لە بانکدا ساڵانێکە کارکردن تێیدا وەستاوە، لە هەوڵدان بەزووترین کات دەست بکرێتەو بەکارکردن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا