لە ئاكرێ
زیاتر لە سێ تۆن کاڵای بەسەرچوو لەناو دەبرێت
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە سنووری قەزای ئاکرێ دەست بەسەر زیاتر لە سێ تۆن کاڵای بەسەرچوودا گیرا، بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە ئاکرێش دەلێن، ئەمڕۆ ئەو کاڵایە بەسەرچووانە لەناودەبەین.
لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ سەر بە قایمقامی ئاکرێ و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوشار لە ئاکرێ و هەروەها تەندروستی ئاکرێ، لە ماوەی دوو مانگدا توانیان دەست بەسەر زیاتر لە سێ تۆن کاڵای بەسەرداچوودا بگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.8.7، پەروین شەوقی بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامیەتی قەزای ئاکرێ بە 964ـى وت، ئەمڕۆ لە کارگەی ریسایكلینی کۆمپانیای MRFلە ئاکرێ ئەو کەلوپەلانەی رێكەوتیان بەسەرچووە، لەناو دەبەین، ئەو کەلوپەلانەش پێکدێن لە برنج و زەیت و ئاوی تەماتە و نیسک، هەروەها خواردنەوە و دەرمان و کۆزماتیکی ژنانن.
وتیشی، نزیکەی 47 شوێن هەریەكەی بە بڕێک پارە سزادراون، هەروەها لە لایەن تەندروستیی ئاکرێیش هەر شوێنکی بەبێ مۆڵەت هەبووبێت، داخراوە و هۆشداری بە چەند دوکانێكی دیكەش دراوە.
“لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ هەفتەی جارێک سەردانی بازاڕ و دوکان و دەرمانخانەکان دەکەن” پەروین شەوقی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا