ئەمڕۆ بچن
سایلۆی سەیدسادق تا کارتی ژمارە 359 چەکی پارەی گەنم دابەش دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
سایلۆی سەیدسادق، ئەمڕۆ چوارشەممە و رۆژانی ئاییندە تا کارتی ژمارە 359 چەکی پارەی گەنمی جوتیارانی دابەش دەکات و لە بانکی قەزاکەش دەتوانن بیکەن بە کاش.
سایلۆکە ئەمساڵ 35 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار بە جوتیارەکە دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7.8.2024، بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بە 964ی وت، “وەک وەجبەی دووەم دەستیان کردووە، بە دابەشکردنی چەکی پارەی جوتیاران و تا ژمارە کاتی 359 دابەش دەکەن”.
پێشتر، تا چەکی ژمارەی 299 راگەیەندرا کە دابەشدەکرێ، ئەو بەڕێوەبەری سایلۆیە وتی، “جوتیارەکان دەتوانن، هەر لەناو سەیدسادق و لە بانکی قەزاکە پارەی کاشی بە چەکە بانکەییەکانیان وەربگرن”.
وەزارتی بازرگانیی حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کرد، کە کۆی گشتی 700 هەزار تۆن بوو لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەرگیرا، کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردرابوو بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
بڕی گەنمی وەرگیراو بەمشێوەیەیە بەگوێرەی پارێزگاکان: جوتیارانی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 277 هەزار تۆن گەنم، جوتیارانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە 222 هەزار تۆن گەنم، جوتیارانی پارێزگای دهۆک زیاتر لە 186 هەزار تۆن گەنم.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران رایگەیاند، “پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کۆتایی هات و لە ماوەی مانگ و نیوێکدا زیاتر لە 685 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە”.