20 بیری ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی تێکەڵی ئاوەڕۆ بوونە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهۆی تێکەڵبوونیان بە ئاوەڕۆی شارەکە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاوی 20 بیر لەسەر خەڵک دەگرێتەوە و تایبەتی دەکات بۆ ئاودانی باخچەکان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی خاوەنی 35 بیرە، بەڵام دەڵێت ئاوی 20ـیان بۆ خواردنەوە شیاو نین.

زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو کە بە تۆڕی964 دراون ئاشکرای دەکەن، ئەو 35 بیرە “سەتحییان” پێ دەوترێت و کەمتر لە 100 مەتر قوڵن.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی964ـی راگەیاند: بەشێکی بیرەکان لەگەڵ ئاوەڕۆ تێکەڵ بوون و ئاوەکەیان پیسە و زیاتر لە 20 بیرن.

دەشڵێت؛ ئاوی ئەو بیرانە زیاتر بۆ ئاودانی باخچەکان و بلوارەکان بەکار دەهێنین نەک خواردنەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، لەناو شاری سلێمانی نزیکەی 2 هەزار بیری یاسای و نایاسایی هەن.

“بیری ماڵان بە گشتی ئێمە کاتێک تاقیکردنەوەی پاکی و پیسییان بۆ دەکەین، کە هاوڵاتیان خۆیان داوا بکەن، بەردەوامیش وتوومانە پێویستە هەموو شەش مانگ جارێک ئاوی هەموو بیرێک تاقیکردنەوەی بۆ بکرێت”، بەختیار تاهیر وای وت.