چەمەکەیان وشک بووە
بە هەزاران ماسی لە پێنجوێن رزگار کران
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە هەڵمەتێکدا بە هەزاران گەرای ماسی ئەمساڵ لە پێنجوێن لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێنەوە رزگارکران، بەهۆی ئەوەی ئەو چەمەی تێیدا دەژیان وشک دەکات و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
عادل جەلال بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ی وت، ئەمساڵ ئەوە دووەم جارە لە پێنجوێن و سنووری ناحیەی گەرمک، بە هەزاران ماسی رزگار دەکەین.
وتیشی، هۆکارەکەی سرووشتییە و چەمەکان وشک دەکەن و تەندا دەتوانن ماسییەکان بگوازنەوە بۆ ناوچەیەک کە ئاوەکەی وشک ناکات و ئەم کۆمەڵە ماسییە دەبەن بۆ چەمی گۆڵێ.
باسی لەوەش کرد، هەموو ماسییەکان وردە ماسین و گەرای ئەمساڵن و جگە لەوەی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر ماسی لە چەمەکانی پێنجوێن دروست بوون.
زانیار سەردار، ئەو کەسەی پۆلیسی دارستانی ئاگادارکردەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ساڵانی رابردووش ئەو چەمە وشکی کردووە، بەڵام هیچ ساڵێک هێندە ماسی تێدا نەبووە و هەر بەشی خواردنی باڵندەکان بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 23.7.2024 بە سەدان ماسی دیکە لە چەمی سەرسوراو لە سەرەمەرگدا بوون و دوای ئەوەی پۆلیسی دارستان ئاگادارکرایەوە، رزگارکران.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر