60 هەزار مەتر سێجا ئاوى رۆژانە زیاد دەبێت

بۆ ماوەى 34 کاتژمێر 40%ـى دانیشتوانى هەولێر بێئاو دەبن

964+

وریا فەتاح

بەهۆى کارکردن، بۆ ماوەى 34 کاتژمێر پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ رادەگیرێت ئاو نادرێت بە هاوڵاتیان، پارێزگاى هەولێریش دەڵێت، دەست بە ئاوەوە بگرن.

لە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆوە پڕۆژەى ئاوى ئیفراز 3 راگیراوە و 34 کاتژمێرى پێدەچێت

هۆکارى وەستانى پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ کارکردن لە بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لە جۆری GRP لە نزیک ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ کە پێشتر شکابوو.

رونیش کراوەتەوە، دوای چاککردنەوەی بۆریەکە تائێستا نەدەتوانرا پڕۆژەکە بە توانای خۆی کاربکات و دەبوایە پێنج پەمپ کاربکات کە توانای هەر یەکەیان (2 هەزار مەتر سێجا ئاو) لە کاتژمێرێكدایە کە دەبوو 10 هەزار مەتر ئاو لە کاتژمێرێك بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری کرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز3 بە ڕێژەى 80%ـى توانای خۆی کاری دەکرد.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، کە ئاوی پاک بۆ 40%ی دانیشتووانی شارى هەولێر دابین دەکات.

باس لەوەشکراوە، بۆ چارەسەرکردنى ئەوکێشەیە، لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەى گۆڕینی هێڵى 1500ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز 3 بەکۆتایی هات، بەمەش دوو هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێك زیاددەبێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنى ووێستگەیەکی ترى پڕۆژەى پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز3 بە توانای (5 سەد مەتر سێ جا ئاو) لە کاتژمێرێك دەکەوێتەکار، کە کۆی گشتی لە رۆژێکدا (60 هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.

پارێزگاى هەولێر لە راگەیەنراوەکەیدا، ئاگادارى هاوڵاتیانى شارى هەولێر دەکەاتەوە، لە ئێستادا بەهۆى کارکردن لە بەستانەوەى هێڵى نوێى پڕۆژەکە بەیەکترەوە، لە ئەمڕۆ 2024.8.5 لە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆ بۆ ماوەی 34 کاتژمێر پڕۆژەکە رادەوەستێت.

964 سێ جار پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێرەوە کرد و ویستى زانیارى ورد لەسەر هەواڵەکە وەربگرێت، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ کەوتەوە کار

وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ کەوتەوە کار