لە رانیە خۆپیشاندانە

+964

مەجید بتوێنی – رانیە

بە دروشمی دامەزراندنیان، دەرچووانی یەکەم و دووەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەبەردەم ئیدارەی راپەڕین لە رانیە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی کانونی دووەم، ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین، لەبەردەم ئیدارەی شارەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

تۆڕی964 دەزانێت، ئەمە 32ـەهەمین خۆپیشاندانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانە و پێشتریش چەندینجار لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە و هەمان داواکارییان هەبووە کە ئەمڕۆ داوایان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کردووە.

رەوەز ئەحمەد، نوێنەری دەرچووە دانەمەزراوەکانی دەڤەری راپەڕین تایبەت بەتۆڕی964ـی وت “ئەوە 31ـەکەمین جارە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەین و داوای دامەزراندن دەکەین، بەڵام وەڵام نادرێینەوە و ئێمەش تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان بەردەوام دەبین”.

لەدەڤەری راپەڕین نزیکەی 300 دەرچووی سێ یەکەمی زانکۆ وپەیمانگاکان هەن، لەسەر ئاستی کوردستانیش ژمارەکەیان پێنج هەزار دەرچووە.