سەرجەم زانکۆکان دەگرێتەوە
زانکۆی سلێمانی 70%ـى داهاتی بەکاردەهێنێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
داوایەکی زانکۆی سلێمانی، کە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بەدەستهێناوە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و زانکۆکە دەڵێت، ” 70%ی داهاتمان بەکاردەهێنینەوە”.
زانکۆی سلێمانی رەزامەندی بەدەست هێناوە، بۆ سوودوەرگرتنی 70%ی داهاتەکانیان، بە گوێرەی رەزامەندییەکەی ئەنجومەنی وەزیران، “ئەو بڕە داهاتە لە بانکە حکومییەکاندا دەخرێتەسەر هەژمارێکی تایبەتی داخراو و بانکەکەش ناچار دەکرێت ئەو پارەیە بۆ هیچ شتێک بەکارنەهێنێت”.
زانکۆی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “هەرکات زانکۆ پێویستی بێت داوای خەرجکردنەوەی ئەوە پارەیە دەکات، هەروەک بڕیاردرا فەرمانی رەزامەندییەکەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکەی زانکۆی سلێمانی گشت زانکۆکانی دیکەی هەرێم بگرێتەوە و لێی سوودمەندبن”.
لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئومێد سەباح، زانکۆی سلێمانی ئەو وەڵامەی وەرگرتووە و هاوکات رەشنووسی پڕۆژەی پێشنیازکراوی ئۆتۆنۆمی زانکۆی سلێمان- یان پێشکەشی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و بڕیاردراوە لەلایەن لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی سلێمانییەوە، ناوەڕۆک و بڕگەکانی تاوتوێ بکەن.