”دەنکی گەورەیە و توێکڵی ناسکە“

گوڵەبەڕۆژەکەی راپەڕین لە سەر ئاستی کوردستان “یەکەمە”

+964

محەمەد عەلی ـ راپەڕین

یەکێک لە جۆرەکانی گوڵەبەڕۆژە لە سنووری راپەڕین دەچێنرێت، بەهۆی دەنکە گەورەکەی و ناسکی توێکڵەکەی، “بە باشترین جۆری گوڵەبەڕۆژە دادەنرێت لە هەموو کوردستان”، کشتوکاڵی راپەڕینیش پشتڕاستی دەکاتەوە باشترین جۆرە.

خدر رەسوڵ، جوتیارێکی گوندی کانی مارانە لە سنوورەکە و بە 964ـی وت، ئەمساڵ نزیکی 19 دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە چاندووە لە گوندی کانی ماران لە سنووری رانیە، چوار مانگە خزمەتی بەرهەمەکەی دەکات و ئەمڕۆ کاتی پێگەیشتنیانە و بە هەرەوەزی بەرهەمەکەی دەچننەوە.

“ئەو جۆرە گوڵە بەڕۆژەیەی چاندوومانە، گوڵەبەڕۆژەی باڵابەرزو فەورییە، جۆرێکی زۆرباشە و دەنکی درێژ و گەورەیە، هەروەها توێکڵەکەی ناسکە و ئاسان دەشکێت و دەخورێت، بۆیە خواستی باشی لەسەرە، بەڵام هەرکە دەیچێنین خەمی ساغکردنەوەمان هەیە، لە بەرئەوەی کارگەیەکی پێویست بۆ ساغکرنەوەی بەرهەمەکە نییە لە سنوورەکە، ناچار خۆمان لەسەر جادە و بازاڕ بە کیلۆ کیلۆ دەیفرۆشین، بە نرخێکی هەرزانیش دەیفرۆشین تا ساغ ببێتەوە“، جوتیارەکە وای وت.

روونیشیکردەوە، ئەگەر حکومەت هاوکاربێت لە رووی پەینەوە، بەرهەممان زیاتر دەبێت و چاومان لە بەرهەمی دەرەوە نابێت و خواستی ناوخۆش پڕدەکرێتەوە، گرنگە بازاڕێکیش بۆساغکردنەوەی بکرێتەوە، بۆئەوەی جوتیاران زەرەرمەند نەبن و زیاتر پەرەی پێبدەن.

خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین لەو بارەیەوە بە 964ـی وت، جگە لە پاڵپشتی کردنی حکومەت، جوتیاران خۆیان بەدوای باشترین جۆری تۆودا دەگەڕێن، لەبواری گوڵەبەڕۆژەدا، بۆئەوەی  سوودی زیاتر بێت و خواستی زیاتر لەسەر بەرهەمەکەیان هەبێت و بەئاسانی بۆیان ساغ ببێتەوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین، گوندەکانی کفرە دۆڵ و قەرەنیاغا و کانی ماران لە سنووری ئیدارەی راپەرین زیاتر ئەم جۆرە گوڵەبەڕۆژەیە دەچێنن و گرنگی پێدراوە، بەباشترین جۆر دادەنرێت لە کوردستاندا، بەناوبانگە لە رووی گەورەیی و ناسکی و جوانی و تامەوە، تاقیکراوەتەوە ئەم بەرهەمە بە باشترین جۆر دادەنرێت لە سنوورەکەدا.

بە قسەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، بەپێی توانا حکومەت هاوکار و پاڵپشتی جوتیاران بووە لە رووی دەرمانی قڕکەر و پەیین و رێنماییکردنی زانستی جوتیاران، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانی داراییەوە وەک پێویست نەبووە.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی راپەڕین، ساڵانە زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە دەچێنرێت و  بەرهەمی ساڵانەیان دەیان تۆن دەبێت، بەرهەمەکەی بۆ شارەکانی تریش دەنێردرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پڕۆژەی (گوڵەبەڕۆژە) راگەیەنرا

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پڕۆژەی (گوڵەبەڕۆژە) راگەیەنرا