سەنتەری دەروونی بۆ رزگارکراوانی ئێزیدی. وێنە :964
"هاتوچۆی ئۆتۆمبێل رادەگیرێت"
سبەی سلێمانی بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان خولەکێک دەوەستێت
964+
ژووری هەواڵ
پارێزگاری سلێمانی بڕیاریداوە سبەی شەممە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، هەموو چین و توێژەکان خولەکێک بۆ ئەو یادە بوەستن.
راوەستانەکە سبەی شەممە 3.8.2024، لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی خولەکێک جوڵەی هاتوچۆ و ئۆتۆمبیل لە هەموو رێگا سەرەکییەکاندا رادەگیرێت.
ئەمڕۆ هەینی 2.8.2024، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، مەبەست لەم وەستانە “بۆ دەربڕینی رێزو وەفا بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان و بۆ هاوخەمیی و هاوهەڵوێستیی و سەرکۆنەکردنی تاوانی جینۆساید و بۆ پشتیوانیکردنی بڕیاری هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانە”.
سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بڕیاری داوە سبەی لە هەمان کاتدا لە هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی عێراق، خولەكێك وەك رێزلێنان بۆ گیانی ئیزدییەكان بوەستن، كە جینۆساید كران، بە هەمان شێوە لە كوردستانیش یادی ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.
رۆژى 3.8.2014 چەکدارانی داعش، هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و دهوربهرى و به شێوهى هەرەمەکی کەوتنە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی ئێزدی و هەزارانی دیکەشیان بۆ وڵاتى سوریا و ناوچەکانی دیکەی عێراق رفاند.