دیمه‌نى چه‌ند حه‌وزى ماسییه‌ك له سنوورى ناحیه‌ى سێگردكان... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى سێگردكان
پابه‌ند نه‌بیت 10 رۆژ بێ كاره‌با ده‌بێت
له سێگردكان كارپێكردنى نافوره‌ى حه‌وزى ماسی له رۆژدا قه‌ده‌غه‌كرا
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەڕێوه‌بەرایەتی ناحیەی سێگردکان ده‌ڵێت، هه‌ر نافورەیەکی حەوزی ماسی له رۆژدا کار بکات، ماوه‌ى 10 رۆژ کارەبا نیشتیمانییه‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌بڕێت.
ناحیه، ئاگادارای هەموو خاوەن حەوزی ماسی و خاوەن غەتاسی کشتوکاڵی سنوری گوندەکانی كردووه‌ته‌وه، كه بەرنامەیان بۆ ئیشپێکردنی کارەبای نیشتیمانی له هەفتەی داهاتوو ته‌نیا به شه‌و پێیان ده‌درێت.
گوندەکانی سارتک، ئاوماڵ، تازەدێ، سێکانی و قەمبەر شه‌وانى پێنچشەممه، هەینی، شەممە، یەکشەممه و دووشەممه لە کاتژمێر 6:00تی ئێوارە تاوه‌کو 9:00ـی شەو كار بە کارەبای نیشتیمانی دەکەن.
رۆژی سێشەممە و چوارشەممە سێگردکان و هەموو گوندەکان دەتوانن بە بەردەوامی ئیش بەکارەبای نیشتیمانی بکەن چونکە لە گوندی گەرمک و کانی لەلە و دەواجن کارەبا دەکوژێندرێتەوە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، هەر هاوڵاتیەک پابەند نەبێت بەم بەرنامەیەی کە بۆی دیاریکراوە بۆ ماوەی 10 رۆژ کارەبای نیشتیمانی لێ دەبڕدرێت .
دا‌واشیان لێده‌كات کەمترین ئامێرە کارەباییەکانیان ئیش پێبکەن تەنها بۆ کاتی زۆر پێویست نەبێت.
هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌ره‌وه له بنکەی چاکكردنەوەی کارەبای سێگردکانى سەر بە قەزای کۆیە بۆ ناحیه نێردراوه و ئه‌وبیش له سۆشیاڵ میدیاكه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه.