بە ناوی شیکاریی خۆراک و تەندروستی

بەشێکی نوێ لە کۆلێژی تەکنیکی کفری دەکرێتەوە

964+

ژێوار خدر

زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، رایگەیاند بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەشی شیکاریی خۆراک و تەندروستی، لە کۆلێژی تەکنیکی کفری دەکرێتەوە.

”دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی بەشەکە مسۆگەرە”

سامان کەریم، یاریدەدەری راگری کۆلێژی تەکنیکی کفری بە 964ـی وت، ئەو بەشەی تازە دەکرێتەوە بەشێکی زانستییە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ کردنەوەی، لەگەڵ کارابوونی سیستمی زانکۆلاین دەرچووانی پۆلی 12ەی زانستی دەتوانن لە رێگەی سیستمەکەوە بەشەکە هەڵبژێرن.

سامان کەریم وتی، بەهۆی ئەوەی بەشەکە تازەیە ئێمە توانای وەرگرتنی خوێندکارێکی زۆرمان هەیە بەڵام رێژەکە لەلایەن وەرزارەتی خوێندنی باڵاوە دیاری دەکرێت.

یاریدەدەری راگری کۆلێژی تەکنیکی کفری روونیشیکردەوە، کۆنمرەی پەسەندکراو بۆ وەرگرتنی خوێندکار بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە بەهۆی تازەیی بەشەکەوە، بەڵام ئەو خوێندکارانەی کۆنمرەکەیان لە 65 بەرەو سەرە دەتوانن بەشەکە هەڵبژێرن.

”دەرچووانی ئەم بەشە نوێیە، دەبنە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە (نیوترەیشن)، دەتوانن ببنە خاوەنی کلینیکی تەندروستی تایبەت بە خۆیان، ئەمەش وادەکات دەرفەتی کار  %80 بۆیان مسۆگەر بێت.” سامان کەریم وای وت.

ئەم بەشە تاقیگەیەکی مۆدێرنی دەبێت و ستافێکی وانە وتنەوەى ئاست بەرزی بەکوالێتییەکى باڵا بۆ دابینکراوە.

کۆلێژی تەکنیکی کفری، لە ساڵی 2023 کراوەتەوە و سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانە و ئێستا تەنیا بەشی سامانی ئاژەڵ و شیکاریی خۆراک و تەندروستی هەیە و ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری   IT   .

زانکۆی گەرمیان تەنیا لە دانپێدانانی کەمە

زانکۆی گەرمیان تەنیا لە دانپێدانانی کەمە