"لێم بووە بە گرێی دەروونی"
گەنجێكی هەولێر دە ساڵە ناتوانێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنێت
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
“لەوانەیە بمرم و نەتوانم مۆلەتەكەم دەربێنم و ئەو ئارەزووە دەبەمە ناو گۆڕ”، ئەمە قسەی ئەو گەنجەی هەولێرە، كە 10 ساڵە دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری وەربگرێت، بەڵام لە تاقیكردنەوەكان دەرناچێت.
بڕوا، كەسێكی چالاكی سۆشیال میدیایە و رۆژانە چالاكییەكانی بڵاو دەكاتەوە، لە یەكێك لە پۆستەكانی ئەم دوو رۆژەی دوایی، باسی لەوە كرد ماوەی 10 ساڵە خەریكی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێرییە و هەر دەرناچێت.
بڕوا ستایل، بۆ 964 قسەی كرد، “ماوەی 10 ساڵە خەریكم بۆ مۆڵەتی شۆفێری، دوو جار پرچم چاندووەتەوە هەر دەرنەچووم، لێم بووەتە حاڵەتێكی دەروونی، وەك كریستیانۆ چۆن ناتوانێ مۆندیال بەدەست بهێنێت، منیش ئاوا ناتوانم مۆڵەتەكە دەربهێنم”.
“لە 2014 باوكم ئۆتۆمبێڵێكی شڕی بۆ كڕیم، وتیشی مۆڵەتەكە دەربهێنە، لەو كاتەوە من خەریكم، هەر جارێكیش ئۆتۆمبێل لێبخورم فۆرمی مامەڵەكەم لایە و كێشەم بۆ دروست نابێت”، ئەمە قسەی بڕوایە.
هەروەها دەڵێت، دوو برای لەخۆی بچووكتر هەیە و هەردووكیان مۆڵەتی شۆفێرییان هەیە، بەڵام ئەو هێشتا بەدەستی نەهێناوە، ” كە دەچمە ناو تاقیكردنەوە دەستم دەلەرزێ و لێم دەشێوێ، مێسی مۆندیالی برد من هەر مامەوە، مۆڵەتەكەی من لە مۆندیالەكەی مێسی گرنگترە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا