منداڵەکانیان بەکار‌هێناوە

لە هەولێر ژن و پیاوێک لەسەر دزیکردن دەستگیر کران

میدیا گۆران

ژن و پیاوێک لە هەولێر بە تۆمەتی دزینی مۆبایل و پارەی خەڵک دەستگیرکران کە منداڵەکانیشان بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بەکاردەهێنا.

ئاسایشی هەولێر لە ماڵپەڕی فەیسبووک دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە ژن و پیاوێکن بە ناوی (ب، ز، ت) و (م، ن، ح) بە تۆمەتی دزیکردن، تۆمەتبارە ژنەکە دوو منداڵەکەی کە تەمەنیان حەوت بۆ 10 ساڵە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکەکە بەکارهێناوە دواتریش خۆی مۆبایل و جانتای پارەی دزیوە.

سەبارەت بە تۆمەتبارە پیاوەکە دەڵێن، جامی چەندین ئۆتۆمبێلی شکاندووە و کەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلەکانی دزیوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەش کە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، تیمەکان توانیویانە لە کامێرای چاودێرییەوە ناسنامەی تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن.