لە سۆران

ئامادەکاری دەکرێت بۆ دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکڵین

964+

ژێوار خدر

پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی کارگەی ریسایکڵین لە ئیدارەی سۆران بەرەو تەواوبوونە و دوای تەواوبوونی شەقامەکەش راستەوخۆ بەردی بناغەی کارگەی ریسایکڵین دادەندرێت.

شەقامەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە بڕی 537 ملیۆن و 350 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی و قیرکردندایە.

خەسرۆ فەیسەڵ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیی سۆران بە 964ـی وت، بڕیار لەسەر دروستکردنی کارگەی ریسایکڵین لە ئیدارەی سۆران دراوە و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکردووە، لەسەر رووبەری 100 دۆنم کارگەکە دروست دەکرێت، پێشبینی دەکەین بڕی 15 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخان بکرێت.

”ماوەی تەواو بوونی پڕۆژەکە 11 بۆ 12 مانگە دەبێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکی داراییمان بۆ دروست نەبێت و دامەزراندنی کارگەی ریسایکلین زبڵ و خاشاک لە تەواوی سنووری ئیدارەی سۆران چارەسەر دەکات”، خەسرۆ فەیسەڵ وای وت.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیی سۆران روونیشیکردەوە، لەدوای تەواو بوونی رێگاکە راستەوخۆ دەست دەکرێت بە دروستکردنی کارگەکە.

"دیار نییه‌ كه‌ى كارگه‌ ریسایكلینه‌كه‌ى سۆران ته‌واو ده‌كرێت"