له‌گه‌ڵ موبه‌ریده‌وه‌ ده‌چێته‌ ماڵه‌كان

له‌ خورماڵ بۆنى پاشماوه‌ى مریشك گه‌ڕه‌كێكی بێزار كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دانیشتووانی گەڕەکی قەڵا له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ى خورماڵ دادوبێدادیانه‌ به‌ ده‌ست مریشكفرۆشه‌كانى ناو بازاڕ و ده‌ڵێن، بۆنى پاشماوه‌ی مریشكەكانیان بێزاری كردووین، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، پاشماوه‌كانیشان له ‌نزیكى ئه‌وانه‌وه فڕێده‌ده‌ن.

گه‌ڕه‌كى قه‌ڵا، یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین گه‌ڕه‌كه‌كانى خۆرماڵه‌ و 400 ماڵى لێ ده‌ژی، به‌ڵام به‌ قسه‌ى خۆیان، بۆنى پاشماوه‌ى مریشكفرۆشه‌كان هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌ى نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێكییه‌تى.

دانیشتووانى گه‌ڕه‌كەكە، نامه‌یه‌كیان بۆ به‌رپرسانى ناحیه‌كه‌ ناردووه‌ و له‌باره‌ى ئه‌م بۆنه‌وه‌ ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌ و شوێنى مریشكفرۆشه‌كانیشیان بۆ دیاری كردوون، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو بازاڕ، تەنیشت قوتابخانەی بێسارانی.

ئه‌وه‌شیان وتووه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى بۆنه‌ پیسه‌كه‌ پاشماوه‌ى هه‌موو مریشكفرۆشه‌كان نییه‌، به‌ڵكو هی به‌شێكیانه‌ و له‌رێگه‌ى موبه‌ریده‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو ماڵه‌كانه‌وه‌.

964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ فه‌ره‌یدون پێنجوێنى، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌دایه‌وه‌، ناچار په‌یوه‌ندی به‌ موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌ كرد و وتى “داواكارییه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نمه‌ به‌رپرسه‌كان”.

به‌خیتار عومه‌ر، موختارى گه‌ڕه‌كى قه‌ڵا به‌ 964ـى وت، ئه‌مڕۆ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ له‌ بوونى ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان.

وتیشی “هاوڵاتیان مافى خۆیانه‌ ئه‌م داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌م”.

فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەکایەی قەزای خورماڵ واژۆ  کرا

فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەکایەی قەزای خورماڵ واژۆ کرا