"منداڵ هه‌بووه‌ رێنمایی باوكى كردووه‌"

هاتوچۆى راپه‌ڕین هێما و رێنماییه‌كانى به‌ منداڵان ئاشنا ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین، تیمه‌كانى هۆشیاريى هاتوچۆ له‌ رێگه‌ى سمینارى جیاجیاوه‌ هێما و رێنماییه‌كانى ئاشناى منداڵانى سنووره‌كه‌ی ده‌كات، وته‌بێژى هاتوچۆش ده‌ڵێت، ماوه‌ى چوار ساڵه‌ ئه‌م چالاكییانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

رائید عه‌لى عه‌بدوڵا، وته‌بێژى هاتوچۆى راپه‌ڕین به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌ساڵى 2020 ـه‌وه‌ ده‌ستیان به‌و سیمینارانه‌ كردووه‌ و دوایین شوێنیش كه‌ سیمیناریان بۆ ئه‌نجامداوه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌ بوو بۆ منداڵانى بنکەی رووناکی بۆ فێرکردن و لەبەرکردنی قورئان.

وتیشی “له‌لایه‌ن تیمى تایبه‌ته‌وه‌ ئاشناكردنى هێما و پێدانى رێنماییه‌كان به‌ شێوه‌ى كرداره‌كى فێرى منداڵان ده‌كه‌ین و له‌ ماوه‌ى ئه‌م چوارساڵه‌شدا چالاكیمان بۆ زۆرترین ناوه‌نده‌كانى خوێندن ئه‌نجام داوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، منداڵ هه‌بووه‌ كه‌ به‌شداریى سیمیناره‌كانى ئه‌وانى كردووه‌، رێنمایی باوكى كردووه‌ كه‌ له‌ كاتى شۆفێریدا مۆبایلى به‌كارهێناوه‌ و ئه‌ویش پێیوتووه‌ “باوكه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌”.

روونیكرده‌وه‌، جگه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن هه‌ر رێكخراوێك، فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومى یاخود له‌ هه‌ر گه‌ڕەكێك پێویستیان به‌و سیمینارانه‌ى ئه‌وان هه‌بێت، بۆیان ئه‌نجام داون و به‌رده‌وامیش ده‌بن.

هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكى ته‌واو له‌لایه‌ن هاتوچۆى راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌رده‌ست نییه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا به‌هۆى سیمینار و چالاكییه‌كانیان رووداوه‌كانى هاتوچۆ كه‌مبووبێته‌وه‌، به‌ڵام وته‌بێژى هاتوچۆ ئه‌وه‌ى دووپاتكرده‌وه‌، كاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى رووداوه‌كان و رێكخستنى هاتوچۆ له‌ شه‌قامه‌كاندا هه‌بووه‌.

هێماکانی هاتووچۆ له‌ سنوورى راپه‌ڕین شێوێندراون

هێماکانی هاتووچۆ له‌ سنوورى راپه‌ڕین شێوێندراون