زیانەکانی نەزاندراوە
ئاگرەکەی ناوچەی شارباژێر بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوو
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێک لە گوندی تەگەرانی ناوچەی شارباژێر کەوتووەتەوە و هۆکاری ئاگرەکە دەگەڕێتەوە بۆ شۆرتی کارەبا.
عوسمان شارباژێری قائیمقامی چوارتا بە 964 وت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی تەگەرانی سەر بە ناوچەی شارباژێر کەوتووەتەوە، ئێستا کۆنتڕۆڵکراوە و چەند تیمێک ماونەتەوە بۆ چاودێری تا دووبارە سەرهەڵنەداتەوە.
وتيشى “هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەگەڕێتەوە بۆ شۆرتی کارەبا لە دوو ستوونی کارەبای سەر شەقامی سەرەکیی تەگەران بۆ چوارتا”.
هەریەکە لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سیتەک و چوارتا و شارەوانی و پۆلیسی دارستان بەشداربوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا.
ئەوەشی خستەروو، لەبەر ئەوەی شەوە نازانرێت رووبەری ئاگرەکە چەند زیانی بەر ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام زیان بە چەند باخێکی هاوڵاتیان گەیشتووە.
“هۆکاری زیانکەوتن بە باخی هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی هەندێک لەو خاوەن باخانە و ئاگربڕیان بە دەوری باخەکانیاندا نەکردووە، بەڵام ئاگرەکە زیانی بە ماڵەکانیان نەگەیاندووە”، ئەمەش قسەی قایمقامی چوارتایە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن