رەشەباكەی بەهێزە
ترس هەیە ئاگرەكەی ئەزمەڕ سەرهەڵبداتەوە
964+
دیلان محەمەد
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە بارەی ئاگرەكەی چیای ئەزمەڕ بۆ 964 قسەی كرد، بەڵام دڵی پڕ بوو نەیتوانی قسەكانی تەواو بكات، ئەوەشی وت ترسیان هەیە رەشەبا ئاگرەكە زیندووبكاتەوە.
تاریق حەمە غەریب رایگەیاند هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئاگرەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت، چونكە بەهۆی رەشەباوە مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوە و فراوانبوونیشی هەیە.
سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەش رایگەیاند، هێشتا نازانن هۆكارەكەی چییە و ئەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان جێدەهێڵێن.
ئەم ئێوارەیە ئاگر لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی كەوتەوە و تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری داری سووتاندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە شەوی رابردوو ئاگر لە چیای گۆیژەش كەوتەوە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆنتڕۆڵ كرا، بەڵام ئێستا دەنگۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا