ساڵانەیە

بەشێک لە بەرهەمی سماقی ئاکرێ تووشی نەخۆشی بوو

+964

هیڤی دێوالی-دهۆک

ساڵانە لە سنووری قەزای ئاکرێ لە کاتی نزیکبوونەوەی پێگەیشتنی، بەرهەمی سماق تووشی نەخۆشی دەبێت، کشتوکاڵی ئاکرێش دەلێت، ئەمساڵ پێشبینی دەکەین زیاتر لە چوار هەزار تۆن بەرهەم بێت.

بەپێی سۆراغێکی 964 لە جوتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ، ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو بەشێکی بەرهەمی سماق تووشی نەخۆشی بووە، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، چونکە وەک جوتیارەکان دەڵێن، چەند هەفتەیەکی دیکە کاتی لێیکردنەوەی بەرهەمی سماقە.

قەزای ئاکرێ بە تایبەت ناحیەی دینارتە، بە بەرهەمی سماق بەناوبانگە، سێ جۆریشی هەیە “سپی، سوور و بالیکی،  نرخەکەشی بەپێی کوالێتی جۆرەکەیە، بۆ هەر کیلۆیەک لە بازاڕدا  نێوان شەش هەزار بۆ هەشت هەزار دینارە.

سەمەد زێباری، جوتیارێکی گوندی هەرنێیە لە سنووری ناحیەی دینارتە، بە 964ـی وت، “بۆ یەکەمجار بەشێکی زۆر لە بەروبوومەکەم  تووشی نەخۆشی جاڵجاڵۆکە بوون و زیانێکی زۆرم بەرکەوتووە، هۆکارەکەش نادیارە”.

وتیشی، چەند رۆژێکی دیكە کاتی لێکردنەوەی بەرهەمی سماق دێت، بەڵام زۆربەی بەرهەمەکە وەک نێوان هەردوو دارێک سێ بۆ چوار داری سماق پێش لێکردنەوە، تێکچوونە و سوودی نییە

ئەمڕۆ یەکشەممە 28.7.2024  کاروان جەمال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ بە 964ـی وت، ساڵانە بەشێک لە بەرهەمی سماقی جوتیاران تووشی نەخۆشی جاڵجاڵۆکە دەبن و پێویستە لەسەر جوتیاران چاودێریی بەرهەمەکانیان بکەن، هەر کێشەیەکیشیان هەبوو پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئێمەش هاوکاریان دەبین.

وتیشی، هۆکاری نەخۆشی جاڵجالۆکە دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوا و شێداری و رێژەی زۆری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا، چونکە زۆرترین بڕی سماق لە شاخەکان بەرهەم دێت.

.لە سنووری قەزای ئاکرێ 14 هەزار دۆنم داری سماق هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار تۆن بەرهەم بێت، ئەمە قسەی کاروان جەمالە

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، ساڵی رابردوو پێنج هەزار تۆن سماق لە قەزای ئاکرێ بەرهەم هاتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

كاروانێكی دیكه‌ى برنج و سماقى ئاكرێ بۆ ئه‌وروپا به‌ڕ...

كاروانێكی دیكه‌ى برنج و سماقى ئاكرێ بۆ ئه‌وروپا به‌ڕێده‌خرێت