داوای بەهاناوەچوون دەکەن
ژمارەیەک کۆچبەر کە زۆربەیان کوردن لە ئاوەکانی فەڕەنسا گیریانخواردووە
964+
ژووری هەواڵ
ژمارەیەک کۆچبەر، کە زۆربەیان کوردن بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام لە ئاوەکانی فەڕەنسا گیریانخواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 27.7.2024، رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچ بە 964ـی راگەیاند، کۆچبەرەکان ژمارەیان 65 کەسە و زۆربەیان خەڵکی باشور و رۆژهەڵاتی کورستانن.
وتیشی، بەشێک لەو کۆچبەرانە پەیوەندیان بە کەسوکاریانەوە کردووە و داوای بەھاناوەچوونیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
رەنج پشدەری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤی فەرەنسایان لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە 2015 تاوەکو ساڵی رابردوو 236 هاوڵاتی عێراقی و لە ناویاندا کورد کە کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە، تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
بەگوێرەی داتای دەزگاکە بێت، ژمارەی پەنابەر و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە ساڵی 2023 کۆچییان کردووە، بریتی بووە لە 19 هەزار و 500 کەس، بەڵام ساڵی 2015 زیاتر لە 186 هەزار کەس کۆچییان کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە رێژەکە کەمیکردووە.