لە سنووری دەربەندیخان
25 دۆنم زەوی لە شاخی زمناکۆ سووتا و ئاژەڵە کێوییەکان سەلامەتن
964+
توانا نەقی
ئەمڕۆ ئاگرێکی فراوان لە سنووری شاخی زامناکۆی سنووری دەربەندیخان کەوتەوە و بووەهۆی سووتانی 25 دۆنم پوش و پەڵاش و دار، بەڵام بە قسەی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاژەڵە کێوییەکان سەلامەتن.
ئاگرەکە توانراوە لە ماوەی سێ کاتژمێردا کۆنترۆڵ بکرێت، هۆکارەکەشی شۆرتی کارەبا بووە.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە کە پریشک لە عامودێک کەوتووەتە سەر زەویی و ئاگرەکەی لێدروست بووە، بۆیە دەستی کەسی تیادا نەبووە.
وتیشی، زەرەروزیان تەنیا پوش و پەڵاش بوون لەو 25 دۆنمە و حاژەڵە کێوییەکان سەلامەت بوون و ئەوان بەردەوام لە خەمی ئەو ئاژەڵەکاندان و رێوشوێنی پێویستیان بۆیان گرتووەتەبەر.
شاخی زمناکۆ دەکەوێتە سنووری قەزای دەربەندیخان و بەرزترین خاڵی ئەو شاخە 1573 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بەوە بەناوبانگە کە ئاژەڵێکی زۆری کێوی تیادا دەژی.